وێڕای ئەوەی وادەی گۆڕینی لیرەی كۆن بە نوێ لە سووریا بەرەو كۆتایی دەچێت، كەچی تا ئێستە لە حەسەكە و قامیشلۆ لە رۆژئاوای كوردستان مامەڵە بە دراوی كۆن دەكرێت، هۆكارەكەیش ئەوەیە بانكی حكوومی لە حەسەكە نییە.
ماڵپەڕی عینەب بەلەدی كە
ماڵپەڕێكی ناسراوی سووریایە، ئەمڕۆ یەكشەم 21ی حوزەیران لە راپۆرتێكدا بڵاوی كردووەتەوە، تا ئێستە لە حەسەكە و قامیشلۆ و چەندان شارۆچكە و گوندەكانی دەوروبەریان مامەڵە بە لیرەی كۆن دەكەن، لە كاتێكدا پرۆسەی گۆڕینەوەی دراو لە سووریا لە 30ی تەمووز كۆتایی دێت، دوای جارێك لە درێژكردنەوەی.
چونكە جاری یەكەم لە 30 ئادار كۆتایی دەهات، بەڵام بە بڕیارێكی بەڕێوەبەری بانكی ناوەندی سووریا بۆ كۆتایی تەمووزی ئەمساڵ درێژ كرایەوە.
بڕیاری گۆڕینی دراوی سووری هەموو یەكەكانی 50 و 100 و 200 و 500 و تا 5000 دەگرێتەوە. دوو سفر لە یەكە گەورەكان لادەبرێت، بەشێوەیەك 100 لیرەی سووری بەهای یەك لیرەی نوێی هەیە.
ماڵپەڕە سوورییەكە باس لەوە دەكات، وێڕای ئەوەی هەسەدە و حكوومەتی سووریا رێككەوتوون، كەچی دامەزراوە داراییەكان و بانكەكان نەگەڕاونەتەوە حەسەكە، ئەمەیش وایكردووە هاووڵاتییانی ئەو شارە لە گۆڕینەوەی پارەكانیان بێبەش بن. مەترسی دارایی بەگوێرەی راپۆرتەكە ئەوەیە لەلایەك بازاڕێكی دارایی تەریب لەگەڵ بازاڕەكەی تری سووریا دروست دەبێت، چونكە مامەڵە بە دوو جۆر دراو دەكرێت. لەلایەكی تریش دانیشتووانی شارەكە پەنا دەبەنەبەر كەسوكاریان لە شارەكانی تر تا پارەكانیان بگۆڕنەوە، ئەمەیش ئەركێكی زیاتر دەخاتە سەر هاووڵاتییان.
بەگوێرەی زانیارییە فەرمییەكان، تا ئێستە 63% دراوی كۆنی سووریا بە نوێیەكە گۆڕاوەتەوە، ئەوەی ماوە لە حەسەكە و دەوروبەریەتی، بۆیە شاندێكی دامەزراوەكانی حەسەكە لە چەند رۆژی رابردوودا سەردانی بانكی ناوەندی سووریایان كردووە تا ئەو كێشەیە چارەسەر بكرێت.