پارەی بلۆككراوی ئێران.. لە كارتەرەوە تا ترەمپ

:: PM:03:26:21/06/2026 ‌
پارە بلۆككراوەكە سەرووی 100 ملیار دۆلار دەبێت

كارتەر یەكەم سەرۆك بوو سزای بەسەر ئێران سەپاند

زۆرترین پارەی ئێران لە چین و هیند و ژاپۆن بلۆككراوە


ئێستە لە سەروبەندی دانوستاندن لەگەڵ ئەمەریكا، بەرپرسانی ئێران دووپاتی دەكەنەوە، پارەی بلۆككراویان دەوێتەوە. هەندێكیان دەڵێن 24 ملیار و هەندێكی تر باس لە ژمارەی تر دەكەن، بەڵام بەگوێرەی زانیارییە مێژووییەكان، بڕەكە لە  100 ملیار زیاتر و چیرۆكەكەیش لە ساڵی 1979 دەست پێ دەكات و ئێستەیش بەردەوامە.

پارەی بلۆككراوی ئێران.. ئەو چیرۆكەی 47 ساڵە بەردەوامە

چواری تشرینی دووەمی ساڵی 1979 كۆمەڵێك قوتابی ئێران كە سەربە (شۆڕشی ئیسلامیی ئێران) بوون، هەڵیانكوتایە سەر باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە تاران، لەوێوە ئەو مێژووە دەست پێ دەكات كە پێوەندیی بەركابەری ئەمەریكا و ئێرانەوە هەیە، پرسی سزا داراییەكانی ئێرانیش هەر لەو خاڵەوە سەرچاوەی گرتووە.

ماڵپەڕی كەناڵی جەزیرە دەڵێ‌، "ئیبراهیم ئەسغەر زادە، موحسین میردامادی، حەبیبوڵا بیترف، سێ‌ گەنجی ئیسلامی بوون لە پایزێكی هێمنی كۆتایی 1979 لەگەڵ چەند گەنجێكی تر، بڕیاریان دا هەڵبكوتنە سەر باڵوێزخانەی ئەمەریكا و كارمەندانی بە بارمتە بگرن". 

جەزیرە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، چەندان وەسف بۆ ئەو كارە هەیە، "شۆِرشگێڕییە، سەرەڕۆییە، خەیاڵە، رادیكاڵی، یان تیرۆریستییە" هەر كەسە و بە جۆرێك رووداوەكەی لێك دەدایەوە، بەڵام ئەوەی شاراوە بوو ئەوەبوو، نەزانرا ئەمە بۆ دەیان ساڵ دەبێتە پاساو بۆ بلۆككردنی چەندان ملیار دۆلاری ئێران لە بانكەكانی دنیادا.

چیرۆكی پارە بلۆككراوەكانی ئێران بەم شێوەیەی سەرەوە دەستی پێ كرد و بەم رۆژگارە گەیشت.

ئەوكات (1979) بۆ یەكەمجار لە مێژووی ئێران جیمی كارتەر سەرۆكی ئەو كاتی ئەمەریكا، بڕیارێكی دەركرد بە ژمارەی 12170. بەگوێرەی ئەو بڕیارەی كارتەر پارەی ئێران لە ئەمەریكا بلۆك كرا كە بڕەكەی 12 ملیار دۆلار بوو. ئەو بڕیارەی ئەوكات زەبرێكی لە ئابووری ئێران دا، چونكە ئەوكات شڵەژانی ئابووری هاوكات لەگەڵ هەڵگیرسانی شۆڕشی ئیسلامی رووی دابوو، بەگوێرەی خەمڵاندنێكی رۆژنامەی نیویۆرك تایمز، ئەوكات زیانەكانی ئەو بڕیارە لەناو ئێران بە سێ‌ ملیار و 300 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرا.

ئەمە یەكەم جار بوو سەرۆكی ئەمەریكا ئەو بڕیارە بدات كە بەگوێرەی یاسای دەسەڵاتی فریاكەوتنی ئابووری نێودەوڵەتی دەسەڵاتێكی فراوانی هەبوو، ئەو یاسایەیش لە ساڵی 1977 دەرچوو. بڕیارەكەی جیمی كارتەر یەكەم بوو، بەڵام دوایین بڕیار نەبوو بۆ سزادانی ئێران و بلۆككردنی پارەكانی.

 لە ساڵی 1996وە چەندان سەرۆكی تری ئەمەریكا سزایان بەسەر ئێران سەپاندووە، ئەویش بەگوێرەی یاسایەك كە بە سزای ئێران ناسراوە. سزاكانی ئێرانیش فراوانتر بوو، تەنانەت كۆمپانیا بیانییەكانیشی گرتەوە، رێگریی لە ئێران كرا لە سیستمی دارایی نێودەوڵەتی سوودمەند بێت و تەنانەت بۆی نەبوو سیستمی حەواڵەكردنی دارایی "سویفت" بەكار بهێنێت.

 لە سەرەتای سەدەی نوێ لە دوای ساڵی 2000 وە گوشارە ئابوورییەكانی سەر ئێران زیاتر بوو، تا بەوە گەیشت چەندان قەوارە و كەسایەتیی تری گرتەوە كە پێوەندییان بە چالاكی ئەتۆمی و سەربازی ئێرانەوە هەبوو. لەگەڵ سەپاندنی هەر سزایەكیش پارەی بلۆككراوی ئێران زیاتر دەبوو و لەڕووی ئابووریشەوە ئێران زیاتر گۆشەگیر دەبوو. تا ئەوكاتەی رێككەوتنی ئەتۆمی لە 2015 لە نێوان ئەمەریكا و ئەوروپا و ئێران ئەنجام درا.

بەگوێرەی ئەو رێككەوتنە، وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریكا كۆمەڵێك سزایان لەسەر ئێران هەڵگرت، لەوانە سزاكانی سەر كەرتی نەوت، سزای گواستنەوە، كەرتی بانكی و بیمەی ئێرانی گرتەوە. تەنانەت سزای ئەوەیش نەما وڵاتانی سێیەمی دەكردە ئامانج كە مامەڵەیان لەگەڵ ئێران دەكرد. بەگوێرەی خەمڵاندنێكی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا، ئەوكات ئێران بڕی 50 ملیار دۆلاری لە پارە بلۆككراوەكە بەدەست گەیشتووە.

هەر ئەوكاتیش حكوومەتی باراك ئۆباما لە ئەمەریكا، رازی بوو 400 دۆلاری تر كاش بە ئێران بداتەوە، ئەمە پارەی گرێبەستی كڕینی چەك بوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی رژێمی شا لە ئێران كەوت، ئەمەریكا رازی نەبوو چەكەكە رادەستی كۆماری ئیسلامیی ئێران بكات. ئەم پارەیەی سووی هاتبووە سەر و كەڵەكە بووبوو، بۆیە بە ملیارێك و 300 ملیۆن دۆلار خەمڵێنرا و بە چەند كەڕەتێك بە ئێران درایەوە.

ترەمپ و سفركردنەوەی كۆششەكان

لە ساڵی 2018 دۆناڵد ترەمپ بووە سەرۆكی ئەمەریكا و دوای چەند مانگێك لە دەستبەكاربوونی وەك سەرۆك، تاكلایەنە بڕیاری كشانەوەی لە رێككەوتنی ئەتۆمی 2015 و بە "خراپترین رێككەوتنی مێژوو" وەسفی كرد، ئینجا دەستی كرد بە سەپاندنەوەی سزاكان بەسەر ئێران. ترەمپ هەموو سزاكانی بەسەر ئێران سەپاندەوە و ئەو لێخۆشبوونەی بە هەندێك وڵات درابوو بۆ ئەوەی مامەڵە لەگەڵ ئێران بكەن بێ سزا، ترەمپ پووچەڵی كردەوە. هەڕەشەی لە كۆمپانیا جیهانییەكان كرد لە نێوان كاركردن لە ئێران و بێبەشبوون لە بازاڕی پشكەكانی ئەمەریكا سەرپشك بن، بۆیە زۆر كۆمپانیای جیهانی لە نموونەی تۆتال و بۆینگ لە ئێران كشانەوە. سەرەڕای هەموو ئەمانە دۆناڵد ترەمپ لێخۆشبوونی لە هەشت وڵات وەرگرتەوە كە نەوتی ئێرانیان دەكڕی لەناویاندا هیند و چین هەبوو، بەمەیش هەناردەی نەوتی ئێران بە یەكجاریی نزم بووەوە.

 ترەمپ بەم بڕیارانە توانی پارەیەكی زۆری ئێران بلۆك بكات، بەتایبەتی ئەوەی لە ماوەی سێ‌ ساڵ لە نێوان 2015 تا 2018 لە فرۆشتنی نەوت دەستی كەوتبوو، ئەو پارەیەیش ئێستە لە بانكەكانی چوار وڵاتن، ئەوانیش عێراق، كۆریای باشوور، ژاپۆن و هیند.

لە ماوەی دووەمی سەرۆكایەتیی دۆناڵد ترەمپ سزاكانی سەر ئێران زیاتر بوو، هەڵبەتە قەبارەی پارە بلۆككراوەكەیش بەردەوام زیاد دەبێت. تەنانەت رۆژنامەی جیرۆزالیم پۆستی ئیسرائیلی باسی لەوە كردووە، گەورەترین كۆسپی بەردەم ئەو دانوستاندنەی ئێستە بەڕێوە دەچێت، ئەوەیە ئێران داوای پارە بلۆككراوەكەی دەكاتەوە.

پارەكە چەندە و لە كوێیە؟
بەرپرسانی ئێران دووپاتی دەكەنەوە، بڕی پارەی بلۆككراو زیاتر لە 100 ملیار دۆلار دەبێت، لە بانكەكانی ئەو وڵاتانە بلۆك كراون: ئیمارات، كۆریای باشوور، عێراق، هیند، ئەمەریكا، چین، چەندان وڵاتانی تری ئەوروپا. ئەمە بەپێی راپۆرتێكی پەیمانگەی واشنتن. بەگوێرەی زانیارییەكانی جەزیرە بەم شێوەیە پارەی بلۆككراوی ئێران دابەش بووە: 20 ملیار دۆلار لە چین، حەوت ملیار لە كۆریای باشوور، حەوت ملیاری تریش لە هیند، شەش ملیار دۆلار لە عێراق، پێنج ملیار لە ئەوروپا، لە ژاپۆنیش سێ‌ ملیار دۆلاری بلۆك كراوە. لە ئەمەریكایش دوو ملیار دۆلارە. لە ئەڵمانیا و قەتەریش بڕێك پارەی ئێران بلۆك كراوە.

هەر چەندە بەشێوەیەكی ورد قەبارەی ئەو پارەیە دیار نییە، بەڵام پرسیاری گرنگ ئەوەیە ئایا ئەمەریكا ئەو پارەیە بە ئێران دەداتەوە؟ دوایین لێدوانی دۆناڵد ترەمپ رۆژی هەینی رابردوو بوو كە گوتی، "چاویان بە 10 سەنتیش ناكەوێتەوە".

 




وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل