وەزارەتی دارایی عێراق، بڕیاری گێڕانەوەی سەرمووچە و پلەبەرزكردنەوەی تەواوی وەزارەت و دەستەكانی عێراقی دا، بەڵام هیچ ئاماژەیەكی بە هەرێمی كوردستان نەكردووە.
ئەمڕۆ یەكشەم 21ی حوزەیران، وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیەنراوێكدا ئاشكرای دەكات، فالح ساری وەزیری دارایی رێنوێنی داوەتە تەواوی وەزارەتەكان و ئەو دەستانەی كە پێوەیست نین بە وەزارەتەكان و پارێزگاكان، بۆ ئەوەی دەست بە بەستنی سەرمووچە و پلەبەرزكردنەوەی تەواوی فەرمانبەرانی دەوڵەت بكرێت و رێكارییە كارگێڕی و داراییەكانیان بۆ تەواو بكرێت.
دووپاتی ئەوەیش كراوەتەوە، ئەوانە جیا بكرێنەوە كە لە گشتاندنی ژمارە 137137 هاتوون، ئەو گشتاندنەیش لە مانگی 12ی ساڵی رابردوو بۆ هەندێك چین دەركراوە.
بەڵام لەو بڕیارەی ئەمڕۆی وەزارەتی دارایی، بە هیچ شێوەیەك ئاماژە بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان نەكراوە.
ئەمە لە كاتێكدایە بەهۆی ئەو تەنگژە ئابوورییەی لە هەرێمی كوردستان دروست بووە، بەهۆی خەرجنەكردنی شایستە داراییەكانی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە لایەن بەغداوە، پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران لە 2015 وە راگیراوە.