دانیشتنی واشنتن و تاران نرخی نەوتی زیاتر دابەزاند

:: AM:09:23:22/06/2026 ‌
ئەمڕۆ دووشەم لە كاردانەوەی دانیشتنی شاندی ئەمەریكا و ئێران لە سویسرا و كۆتاهاتنی گفتوگۆكان بە دەرئەنجامێكی ئەرێنی، نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا دابەزینی بەخۆیەوە بینی.

نرخی خامی برنت دۆلارێك 53 سەنت و بە ڕێژەی 1.90% دابەزی و نرخی بەرمیلێكی گەیشتە 79 دۆلار و چوار سەنت، هاوكات نەوتی خامی تێكساس لە 76 دۆلار و 53 سەنتەوە بۆ 75 دۆلار و 30 سەنت دابەزی، ئەمەیش لە كاتێكدایە كە دوێنێ بەهۆی چوونەدەرەوەی شاندی ئێران لە هۆڵی كۆبوونەوەكان و دروستبوونی گرژی لە نێوان هەردوولا و هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە، جارێكی تر نرخی نەوت بەرز بووەوە.

تۆنی سیكامۆر شیكاری بازاڕ لە كۆمپانیای ڤی ئەی جی گوتی، گفتوگۆكانی نێوان واشنتن و تاران جۆرێك لە پێشكەوتنی بەخۆیەوە بینیوە و هەردوولا ڕێككەوتوون لەسەر پێكهێنانی لیژنەیەكی ئاستبەرز، ئەو هەنگاوانە كاردانەوەی ڕاستەوخۆی لەسەر واقیع دەبێت، هاوكات وەستانی ململانێكانیش لە لبنان بەهەمانشێوە زەوینەیەكی باش بۆ دانوستانەكان دڕەخسێنێت.

ئەو شرۆڤەكارە ئەوەیشی گوت، ئەو پێشهاتە و ڕۆیشتن بەرەو ڕێككەوتنی كۆتایی ئاسان نییە و مەترسی گەورە و ڕاستەقینەی لەسەرە، بە دوور نازانرێ گرژی و پێكدادانی ئاسایی لە ماوەی ئەو 60 ڕۆژەیش دروست ببێت و دووبارە هەڕەشە لەسەر دانوستانەكان دروست بكەنەوە، نرخی نەوتیش دووبارە دەست بە بەرزبوونەوە بكاتەوە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د