كۆمپانیاكان لە كوردستان بەرهەمهێنانی نەوت زیاد دەكەن و بیری نوێ لێدەدەن

:: PM:01:48:22/06/2026 ‌
دوای گەرەنتیكردنی تەناهیی كۆمپانیاكانیاكانی وەبەرهێنانی نەوت لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە، كۆمپانیای گەڵف كیستۆنی بەریتانی ئامادەیە دەست پێبكاتەوە و مایلز كاگینزیش دەڵێت، لە كوردستان بەرهەمهێنان زیاد دەكەن و بیری نوێ لێدەدەن.

كۆمپانیای گەڵف كیستۆن پێترۆلیۆم "GKP” راپۆرتێكی بڵاو كردەوە و رای گەیاند، كۆمپانیاكە هێڵە گشتییەكانی ستراتیجیی دوولایەنەی خستووەتەڕوو، بەهۆی دۆخی ناوچەكەوە، بەشێوەیەكی كاتی بەرهەمهێنانی نەوتی لە كێڵگەی شێخان راگرتووە.

بەگوێرەی دوایین راپۆرتی كارگێڕیی كۆمپانیاكە، دووپات لەوە كراوەتەوە ژێرخان، تیمەكانی كاركردن و بڕی دارایی پێویست لە دۆخی ئامادەیی دەستبەجێدا ماوەتەوە، بۆ ئەوەی لەگەڵ جێگیربوونی دۆخی ناوچەكە، پرۆسەی بەرهەمهێنان بەكۆی تواناوە دەست پێ بكاتەوە و نەوت بۆ بازاڕە نێودەوڵەتییەكان هەناردە بكرێتەوە.

كۆمپانیاكە دەشڵێت، تیمە تەكنیكییەكانی گەڵف كیستۆن پلانێكی چالاك بۆ پاراستنی كێڵگەكە جێبەجێ دەكەن، بەبێ دواكەوتنی تەكنیكی پرۆسەی بەرهەمهێنانی نەوت دەست پێ بكاتەوە، كە تێكڕای ئاستی پێشبینیكراوی بەرهەمهێنانی نەوت لە كێڵگەی شێخان، بە بڕی 55 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدایە.

پێشتر وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، گەیشتنی هەولێر و بەغدای بە ڕێككەوتنێكی نوێ و كۆتایی لەبارەی دۆسیەی پاراستن و بەرهەمهێنانی نەوت ڕاگەیاند، هەردوولا كۆكن لەسەر ڕەخساندنی ژینگەیەكی لەبار و پارێزراو بۆ كۆمپانیا بیانییەكان تا بتوانن بەبێ گرفت وەبەرهێنانەكانیان دەستپێبكەنەوە.

مایلز كاگینز بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای (ۆردس واریرس) بۆ ڕاوێژكاریی وزە بە ڕای گەیاند، كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان كارەكانیان بەتەواوی ڕانەگرتبوو، بەڵكو تەنیا پڕۆسەی بەرهەمهێنانیان وەستاندبوو.

گوتی، ئێستەش بە مەبەستی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوت، كۆمپانیاكان لە قۆناغی هەڵسەنگاندندان و چاوەڕوانی وەڵامی فەرمیی بەغدان بۆ پێدانی گەرەنتیی تەناهیی.



وشە - سۆران عەزیز