مەرجەمانی توركیا بۆ بەردەوامبوونی هەناردنی نەوتی عێراق چین؟

:: PM:07:51:23/06/2026 ‌

بڕیارە لە كۆتایی مانگی تەمووزی داهاتوو عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی توركیا بكات و لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا كۆ ببێتەوە، كە هاوكات لە كۆتایی تەمووزی داهاتوو رێككەوتنی بۆری نەوتیی عێراق و توركیا كۆتایی دێت و توركیا رای گەیاندووە كە بە هەمان شێوەی پێشوو نوێی ناكاتەوە، بۆیە دۆسیەكانی ئاو و نەوت دوو دۆسیەیە تێكهەڵكێش و گرنگی سەردانەكەی زەیدی بۆ ئەنقەرە دەبن.

شێرزاد حەسەن توێژەری سیاسی پێی وایە دەبێت لە سەردانەكەی زەیدی بۆ ئەنقەرە چەند پرسێك یەكلا بكرێتەوە، لەوانە دۆسیەی هاریكاریی تەناهی و دۆسیەی ئاو و پشكی عێراق لەو ئاوەی لە توركیا دێت و درێژكردنەوەی رێككەوتنی هەناردنی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە، توركیا دەیەوێ سوود لە پێویستیی عێراق بۆ هەناردنی نەوتەكەی لەو رێگایەوە ببینێت، هاوكات نایەوێ رێككەوتنەكە بەیەكجاری كۆتایی پێ بێت و دەیەوێ دەستكەوتی زیاتری هەبێت، هاوكات بەغداش پێویستە نەرمی بنوێنێت، چونكە نەوت تاكە سەرچاوەی داهاتی عێراقە و ئەگەر هەناردنی بوەستێت كارەسات روودەدات.

روونی كردەوە، وەستانی هەناردنی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهان تەنگژەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەگەیەنێتەوە سەرەتای تەنگژەكەوە، چونكە رەوانەكردنی مووچەكە پێوەست بە رادەستكردنی هەرێم بۆ بڕێك نەوت بۆ كۆمپانیای سۆمۆی عێراقی كراوە و ئەویش لە رێگەی بەندەری جەیهان هەناردەی دەكات، ئەوەش مانای سەرهەڵدانی كێشەیەكی نوێیە بۆ هەردوو حكوومەت.

لای خۆیەوە بەهجەت ئەحمەد شارەزای بواری نەوت دەڵێت، رێككەوتنی بۆری نەوتی عێراق توركیا لە كۆتایی مانگی تەمووزی داهاتوو كۆتایی دێت، ئەنقەرە بە بەغدای راگەیاندووە كە بە مەرجی دیاریكراو نەبێت رێككەوتنەكە نوێ ناكاتەوە، بۆیە لە كۆتایی مانگی تەمووز عێراق یەك لیتر نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهان هەناردە ناكات.

ئەو شارەزایە دووپاتی كردەوە، هەرچی مەرجەكانی توركیایە بریتین لە، زیادكردنی كرێی هەناردن لە دۆلارێك و نیوەوە بۆ سێ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك و هەڵوەشانەوەی عێراق بۆ داوای قەرەبووكردنەوە لە توركیا لە دادگای ناوبژیوانیی پاریس، داوایەكی تری توركیا بریتییە لە زیادكردنی قەبارەی هەناردنی لە رێگەی بەندەری جەیهان لە 200 بەرمیلی رۆژانەوە بۆ ملیۆنێك بەرمیلی رۆژانە، بۆ ئەوەی سوودی ئەو لە كرێكە زیاتر بێت.  




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل