ڕۆژنامەیەكی بەریتانی لە زاری سەرۆك وەزیرانی قەتەر بڵاوی كردەوە، وڵاتەكەی بەردەوام دەبێ لە بەرهەمهێنانی غازی سروشتی بە ئاستی سروشتی و پێش جەنگ، بەڵام ئەمەیش لە چەند هەفتەی داهاتوو دەگاتەوە بە ئاستی بەرهەمهێنان لە پێش گرژی و ململانێكاندا.
ڕۆژنامەی فاینەنشاڵ تایمزی بەریتانی، چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئالسانی سەرۆك وەزیرانی
قەتەر كردووە، تێیدا دووپاتی لە پێویستی كردنەوەی كەناڵێكی گەرمی پێوەندی لە نێوان ئەمەریكا و ئێران بۆ دووبارە كردنەوەی گەرووی هورمز كردووەتەوە.
هاوكات باسی لە بەرهەمهێنانی غازی سروشتی لەلایەن وڵاتەكەی كردووە و ئاماژەی داوە، لە چەند هەفتەی داهاتوودا ئاستی بەرهەمهێنانی غازی سروشتی لە قەتەر، ئاسایی دەبێتەوە و پرۆسەی هەناردەكردنیش بە فراوانی دەست پێ دەكاتەوە.
كۆمپانیای قەتەر بۆ وزە، بەرهەمهێنانی غازی شلی سروشتی لە وڵات بە تەواوی وەستاند، دوای ئەوەی لە 28ی شوبات/فێبرایەری ڕابردوو هەریەك لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل دەستیان بە هێرشكردنە سەر ئێران كرد، دواتر ئێران لە ڕێگەی درۆنەوە وێستگەی رەئسلفانی سەربە كۆمپانیای قەتەر بۆ وزەی بۆردمان كرد، بەوهۆیەشەوە دەسبەجێ سەرجەم چالاكییەكانی كۆمپانیاكە وەستێنران.