بەغدای پایتەختی عێراق نۆ كابینەی حكوومەتی لە دوای 2003وە تێپەڕاندووە، بەڵام هێشتا ئاوی خاوێنی خواردنەوەی نییە، ژیانی 10 ملیۆن هاووڵاتیی لەو شارەدا لە مەترسیدایە.
بەپێی ئامارێكی نوێی ئەنجوومەنی پارێزگاكە، ئێستە بەغدا زیاتر لە 90% ئاوەكەی بۆ خواردنەوە شیاو نییە، ئەوە لە كاتێكدایە ئەو شارە لە دوای ئازادیی عێراقەوە سەتان ملیار دۆلاری تێدا جووڵەی كردووە و نۆ كابینەی حكوومەتی تێدا دروست كراوە.
لە ماوەی 23 ساڵی دوای ئازادیی عێراق، بەغدا بووە ناوەندێك بۆ بەرپرسان تا خۆیان و كەسوكاریان دەوڵەمەند بكەن، پارەی وڵاتەكە بۆ كاری تایبەت بەهەدەر بدەن و شارەكەش بەتەواوی پشتگوێ بخەن، ئێستە لە كابینەكەی عەلی زەیدیدا گەندەڵیی گەورە بڵاو دەكرێنەوە و هێشتا لەوان گەورەتر زۆر ماون.
بەپێی ئامارێك لە سەنتەری لێكۆڵینەوەی گەندەڵی بڵاو كراوەتەوە، زیاتر 85% بەرپرسانی باڵای عێراق منداڵ و كەسە نزیكەكانیان لە بەغدا ناژین، چونكە دەزانن بۆ ژیان شیاو نییە.
ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا لە نوێترین هۆشداریدا دەڵێت، 90%ی ئاوی ڕووباری دیجلە پیس بووە و بۆ بەكارهێنانی مرۆیی شیاو نییە، لە كاتێكدا سەرچاوەی سەرەكی ئاوی خواردنەوە بۆ بەكارهێنانی شارەكەیە.
عەلی خەلیل عامری جێگری سەرۆكی دەستەی خزمەتگوزارییەكان لە ئەنجوومەنەكە ڕای گەیاند، ئەم دۆخە مەترسییەكی گەورەی لەسەر ژیانی 10 ملیۆن هاووڵاتیی بەغدا دروست كردووە، كە ئاوی ڕووبارەكە بۆ مەبەستی جۆراوجۆر و خواردنەوە بەكار دەهێنن.
عامری دووپاتی لەوەش كردەوە كە ئاوی ڕووبارەكە گەیشتووەتە ئاستێك، تەنانەت بۆ خواردنەوەی ئاژەڵ و ئاودانی زەوییە كشتوكاڵییەكانیش بەكار ناهێنرێت.
یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی ئەم پیسبوونە گەورەیە، ڕژانی ڕۆژانەی بڕی پێنج هەزار مەتری سێجا ئاوی ئاوەڕۆی پیسە بۆ ناو ڕووباری دیجلە. ئەم ئاوە پیسە لە ڕێگەی نۆ دەرچەی جیاوازەوە دەڕژێتە ناو ڕووبارەكەوە كە هیچ كام لەو دەرچانە وێستگەی پاڵاوتنیان تێدا نییە.
بەگوتەی عامری، فڕێدانی پاشماوەی پزیشكیی نەخۆشخانەكان، هۆكارێكی تری مەترسیداری پیسبوونی دیجلەیە. ئاماژە بەوە كراوە كە بەتایبەت پاشماوەكانی كۆمەڵگەی پزیشكیی شاری پزیشكی، بەشێوەیەكی نادروست فڕێ دەدرێن و كەسیش لێپرسینەوە ناكات.