سەرەتای هەفتەی داهاتوو شاندێكی حكوومەتی دەچێتە بەغدا و لەگەڵ بەپرسانی حكوومەتی فیدراڵی پرسی داهاتی ناوخۆ یەكلا دەكەنەوە، دوای ئەوەش راستەوخۆ مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەرانی كوردستان خەرج دەكرێت.
سەرچاوەیەك لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ "وشە" گوتی، هەفتەی داهاتوو پرسی داهاتی ناوخۆی لەگەڵ بەغدا یەكلا دەكەینەوە، بەغدا تێگەیشتنی باشیان هەیە كە هەرێم چیتر ناتوانێ 120 ملیار دینار بنێرێت.
ئەوەشی گوت، ئەو پرسەی ئێستە ئێمە دەمانەوێ لەسەری رێك بكەوین ئەوەیە، هەرچی مانگانە لە بەردەست بوو نیوەی بۆ بەغدا دەنێرێن، لەوە زیاتر هەرێم ناتوانێت.
سەرچاوەكە گوتیشی، پێمان وایە هەفتەی داهاتوو لەگەڵ بەغدا پرسی 120 ملیاری داهاتی ناوخۆ یەكلا دەكەینەوە، راستەوخۆ دوای ئەوە لە كۆتاییەكانی هەفتەی داهاتوو مووچەی مانگی شەش خەرج دەكرێت.
ئەگەرچی ئەم هەفتەیە بەغدا دەستی كردووە بەدابەشكردنی مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەرانی خۆی، بەڵام بەهۆی نەمانی نەختینەوە پرۆسەكە كەوتە رۆژی یەكشەم، بۆیە چاوەڕێ دەكرێت كۆتایی هەفتەی داهاتوو مووچەی مانگی شەشی كوردستانیش بنێرن.
.
لەمبارەیەوە دوێنێ پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاندبوو، رێكارەكانی ناردنی پارە دەست پێ دەكات و هەفتەی داهاتوو مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دابەش دەكرێت.
ئاماژەی بەوەش كردبوو، دووشەمی داهاتوو لەبارەی كۆمەڵێك پرس، شاندێكی حكوومەتی هەرێم دەچێتە بەغدا و داوا دەكەن دەروازە نافەرمییەكان بكرێنە فەرمی.