ئەمڕۆ پێنجشەم 25ـی حوزەیران، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاپۆرتی کار و چالاکی و چاکسازییەکانی ساڵانی 2019 تا 2025 داتای نوێی لەسەر شایستە داراییەکانی هەرێم بڵاو کردەوە و ڕای گەیاند کە حکوومەتی فیدراڵ لەم ماوەیەدا زیاتر لە 48 ترلیۆن دیناری لە پشکی هەرێم بڕیوە.
بڵاوکردنەوەی ئەم زانیاریانە لە چوارچێوەی خشتە و زانیاری وردی پەرتووکی کار و چالاکییەکانی وەزارەتەکەدا هاتووە، بەپێی داتاکان، لە کۆی زیاتر لە 79 ترلیۆن دینار کە پشکی یاسایی هەرێمی کوردستان بووە (دوای دەرکردنی خەرجییە سیادی و حاکیمەکان)، حکوومەتی فیدراڵ تەنیا 33 ترلیۆن دیناری بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ناردووە.
ئەمەش ئەوە دەردەخات کە بەغدا تەنها 42%ی کۆی گشتی پشکی هەرێمی ڕەوانە کردووە و لە بەرانبەردا زیاتر لە 48 ترلیۆن دیناری لێ بڕیوە، هاوکات لەم ماوەیەدا هیچ بڕە پارەیەکی بۆ خەرجییەکانی بەکارخستن و وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان نەناردووە.