ئەم هەفتەیە سێ شاندی هەرێم دەچنە بەغدا و سبەی 120 ملیارەكە یەكلا دەكرێتەوە

:: AM:08:46:27/06/2026 ‌
بڕیارە ئەم هەفتەیە سێ شاندی هەرێمی كوردستان بچنە بەغدا، سبەی شاندێكی باڵا بۆ یەكلاكردنەوەی 120 ملیارەكە كۆبوونەوەی گرنگ ئەنجام دەدەن.

بڕیارە سبەی  شاندێكی باڵای هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی د. ئومێد سەباح د. ئامانج ڕەحیم، د. عەبدولحەكیم خەسرۆ، بەئەگەرێكی زۆر ئاوات شێخ جەنابیشیان لەگەڵدایە، بۆ یەكلاكردنەوەی پرسی 120 ملیارەكە دەچنە بەغدا.

هاوكات بڕیارە ئەم هەفتە جگە لەو شاندە باڵایەی هەرێمی كوردستان، دوو شاندی تریش بۆ دوو پرسی تر بچنە بەغدا، هەریەكەیان ئەركێكی تایبەتی بۆ یەكلاكردنەوەی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەردوو حكوومەت پێ سپێردراوە.

شاندی یەكەم سبەی پرسی 120 ملیارەكە كۆتایی پێ دێنێت و هەموو شتێك لەبارەی داهاتەوە بەبەغدا دەڵێت، چونكە ئیتر هەرێم توانای ناردنی ئەو پارەیەی نەماوە و بەغداش لەسەر بڕینی ئەو پارەیە بەردەوام بێت، كێشە بۆ مووچە دروست دەبێت.

مانگی پێشوو بەغدا 70 ملیاری لە 120 ملیارەكە بڕی، هەرێم 50 ملیاری وەك داهاتی ناوخۆ ناردبوو، ئەوە وایكرد كێشە بۆ بەشێك لە مووچەخۆرانی كوردستان دروست بێت بەتایبەت مامۆستایانی گرێبەست و هەندێك لە مووچەخۆری دەڤەری یەك و دوو.

"وشە" زانیویەتی هەر لەم هەفتەیەدا شاندێكی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان دەگاتە بەغدا و چەند رۆژێك دەمێنێتەوە، ئامانجی ئەم شاندە كۆبوونەوەیە لەگەڵ دەستەی گشتیی زیندانییە سیاسییەكانی عێراق، بە مەبەستی واژووكردنی رێككەوتنامەی هاوتاكردنی مووچەی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەرێم لەگەڵ عێراق. لەگەڵ گەیشتن بە رێككەوتن،  شایستە داراییەكانی ئەم توێژە لە هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی بەرچاو زیاد دەكات.

هاوكات بۆ رێكخستنی كاروباری گومرگی، بڕیارە رۆژی دووشەم  شاندی سێیەم سەردانی بەغدا بكات. ئەم شاندە كار لەسەر یەكلاكردنەوەی پرسی جێبەجێكردنی سیستمی ئەلیكترۆنیی ئەسیكۆدا دەكات لە دەروازە سنوورییەكان، واژووكردنی رێككەوتنی كۆتایی لە نێوان هەرێم و ناوەند بۆ یەكخستنی رێكارە گومرگییەكان بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەكان.

 



وشە - سۆران عەزیز