یەكێك لەو خاڵانەی لە عێراق لافی پێ لێ دەدرێت، دابینكردنی بەنزین و سووتەمەنییە بە نرخێكی پاڵپشتیكراو، كە رەنگە بەهۆی ئەو تەنگژە قووڵە داراییەی عێراقی گرتووەتەوە ئەوەش نەمێنێت و نرخی سوتەمەنی بەرز ببێتەوە، لە بەیاننامەیەكدا ژمارەیەك وەبەرهێنەرانی بەنزین داوا لە سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكەن وەك ناوی دەبەن، "گەورەترین پرۆسەی دزی" بوەستێنێت.
لە بەیاننامەكە كە ئاراستەی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق كراوە، وەبەرهێنەران ئاماژە دەكەن كە وێستگەكانی سووتەمەنی لە كاتی كڕینی تانكەرێك بە قەبارەی 36 هەزار لیتر لە كۆمپانیای دابەشكردنی نەوت، بڕێكی كەمتریان لە نێوان 35 هەزار تا 35.55 هەزار لیتر پێ دەدرێت، ئەوەش دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی بەشەكانیان و زەرەری گەورە بۆ ئەوان.
زیاتر دەڵێن، ئەگەر ئەو كەموكورتییە چارەسەر نەكرێت، لیژنەكانی كۆمپانیای دابەشكردنی بەرهەمەكانی نەوت ئەو كورتهێنانە بە پێشێلكاری لە قەڵەم دەدەن و بە پێبژاردنی چوارهێند پارە سزای وێستگەكە دەدەن، سەرەڕای ئەوە هۆكارەكە كۆمپانیاكەیە، بۆیە ئەو كارە ستەمە بۆ وەبەرهێنەران لەو كەرتە.
ئەوان داوایان لە خاوەن وێستگەكانی سووتەمەنی كرد بۆ پشتبەستن بە سیستمی پێوانەكردن لە بری سیستمی ئاسایی، وەك سیستمێكی دنیایی پیادەكراو، داوای وادەیەكیشیان بۆ كۆبوونەوەیەكی تایبەت لەگەڵ خاوەن وێستگەكان كرد بۆ رزگاركردنی كەرتی هاوبەش لە رووخان و شكستهێنان.
شایەنی باسە لە كۆتایی مانگی ئایاری رابردوو بەغدا و ژمارەیەك پارێزگای عێراق تووشی تەنگژەی كەمیی بەنزینی نۆرماڵ و موحەسەن هاتنەوە، كە ماوەی زیاتر لە هەفتەیەكی خایاند، كە تا ئێستەش كاریگەریی تەنگژەكە هەر ماوە.