هەولێر و بەغدا ڕێككەوتن هەر كاتێك بەرهەمی ناوخۆی هەرلایەكیان پێگەیشت لە دەرەوە هاوردەی نەكەن

:: AM:11:42:28/06/2026 ‌
هەولێر و بەغدا لەسەر ئەوە رێككەوتن هەر كاتێك بەروبوومی ناوخۆی هەرلایەكیان پێگەیشت، هاوردەكردنی لە دەرەوە قەدەغە بكرێت، ئەم رێككەوتنە بۆ جووتیارانی كوردستان بەسوودە.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە"، كۆبوونەوەی گرنگ لە نێوان هەردوو وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق و كوردستان كراوە، هەردوولا لەبارەی كۆمەڵێك خاڵی گرنگ گەیشتوونەتە ریككەوتن، رێككەوتنەكە بۆ جووتیارانی كوردستان بەسوودە.

 بەپێی رێككەوتنەكەی هەردوو وەزارەت، لەسەر بنەمای ڕۆژمێری كشتوكاڵی، هەر كاتێك بەروبوومێكی هەرێمی كوردستان پێدەگات، عێراق هاوردەكردنی لە دەرەوە قەدەغە دەكات. بە پێچەوانەشەوە كاتێك بەرهەمی جووتیارانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق پێدەگات، هەرێمی كوردستان بڕیاری قەدەغەكردنی هاوردەكردن جێبەجێ دەكات.

بۆ جێبەجێكردنی ئەم رێككەوتنە، وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق نووسراوێكی فەرمیی ئاراستەی سەرجەم دەروازە سنوورییەكان كردووە، بۆ ئەوەی ڕێگریی لە هاوردەكردنی تەماتە بكرێت تا ئەو كاتەی بەروبوومی ئەمساڵی ناوخۆ كۆتایی دێت.

ماوەی چەندان ساڵە جووتیارانی كوردستان لە كاتی پێگەیشتنی بەرهەمەكانیان رێگرییان لێ دەكرا بیگوازنەوە بۆ شارەكانی تری عێراق، بەڵام بەجێبەجێكردنی رێككەوتنەكە رێگریی لەوە دەكات، چیتر جووتیارانی كوردستان دەتوانن بەرهەمەكانیان بۆ شارەكانی عێراق بنێرن و ئەوانیش لەو كاتەدا ناچارن لە دەرەوە هاوردەی نەكەن.



وشە - سۆران عەزیز