نرخی دۆلار لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا رووی لە نزمبوونەوە كردووە و هەر 100 دۆلارێك، سێ هەزار دینار زیاتر دابەزیوە، خاوەنی نووسینگەیەكی دراوگۆڕینەوە رای گەیاند، ئێستە رووی لە هەرزانبوونەوە كردووە و لە بەیانییەوە تا ئێستە هەزار دینار دابەزیوە.
ئەمڕۆ دووشەم 29ـی حوزەیران، عەبدولڕەحمان حاجی كەمال خاوەن نووسینگەی دراوگۆڕینەوە، بە "وشە"ـی راگەیاند، رۆژی شەموو 100 دۆلار لە سەرەتای دەستپێكی بازاڕ بە 157 هەزار و 600 دینار بوو، ئەمڕۆ گەیشتە 153 هەزار و 700 دینار.
زیاتر گوتی، هیچ هۆكارێكی نائاسایی نییە تا وابكات نرخی دۆلار هەرزان بێت، بەڵام رووداوەكانی دوێنێی عێراق وایكردووە، كەسانێك دەستیان بەسەر بازاڕی دۆلار گرتبوو بترسن و بكشێنەوە.
پێشتر مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژكاری دارایی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری ئابووری رای گەیاند، دابەزینی دینار و بەرزبوونەوەی دۆلار، بەشێكی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ژمارە زۆرەی سەردانیكەرانی عێراق كە بەشێكی زۆریان كارتی بانكی بەكار ناهێنن.
دەشڵێت، ئەو زۆرییە كاریگەریی هەیە و گوشاری كەمێك لەسەر بازاڕ دروست كردووە بۆ بەرزبوونەوەی دۆلار، جگە لەوەی دینارێكی زۆریش لەو چەند رۆژە خرایەڕوو.