بۆ ناردنی داهاتی ناوخۆ و مسۆگەركردنی مووچە خەرجیی وەزارەت و فەرمانگەكان ڕاگیراوە

:: AM:11:59:29/06/2026 ‌
حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەموو هەوڵێكی چڕ كردووەتەوە بۆ ئەوەی داهاتی ناوخۆ بەر لە هەر شتێك بۆ مووچە بێت، خەرجی و پارەی وەزارەت و فەرمانگەكان ڕاگیراوە.

لە كابینەی نۆدا بەبڕیاری مەسروور بارزانی، تەواوی ئەو داهاتانە راگیران كە پێشتر بەناو خەرجی وەزارەتەكان دانرابوو، ئەو پارەیە بارگرانییەكی زۆری لەسەر حكوومەت دروست كردبوو.

كارمەندی حكوومەت ئەوانەی پلەیەكیان هەیە ئۆتۆمبێلیان بۆ كڕابوو، حكوومەت خەرجیی بەنزین و رۆن و تایە و چاككردنەوەی بۆ دەكردن، لەم كابینەدا كەمترین پارە بۆ ئەو جۆرە خەرجییانە خەرج كراوە.

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە بڕیاری سەرۆكی حكوومەت، زۆرینەی خەرجیی داودەزگاكانی راگرتووە و ئامانجیش لەوە ئەوەیە پارەی داهاتی ناوخۆ بۆ مووچە دابین بكرێت.

بەپێی زانیارییەكان لە گەنجینەكاندا هیچ چەكێك ناكرێت، چونكە فەرمانیان پێ كراوە، تەنیا دەبێ داهات كۆ بكرێتەوە بۆ بەغدای بنێرێت تا مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان دوا نەكەوێت.

ئێستە شاندێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدان و بەشێكی گفتوگۆكان پێوەندیی بە كەمكردنەوەی 120 ملیارەكەوەیە، ئەگەر بكرێتە نیوەش هێشتا لەم دۆخەدا كۆكردنەوەی 60 ملیار دیناری مانگانە بۆ بەغدا ئەستەمە، چونكە لەگەڵ ئەوەشدا حكوومەتی هەرێم خەرجیی رۆژانەی دامەزراوەكانی بەتایبەت پێشمەرگە و پۆلیس و ئاسایش زۆرن، ناچاریشە دابینی بكات.

فارس عیسا سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا، لە پرێس كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رای گەیاند: مووچەی مانگی شەشی هەرێمی كوردستان كێشەی نییە و دوای دابەشكردنی مووچەخۆرانی عێراق، مووچەی هەرێمی كوردستان دەنێردرێت.

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ شاندی هەرێمی كوردستان لەگەڵ فالح ساری وەزیری دارایی عێراق كۆ دەبنەوە، دواتر بەشداری لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای وەزاری عێراق بەسەرۆكایەتی زەیدی دەكەن، دوو ئامانجیان هەیە، یەكێكیان یەكلاكردنەوەی پرسی 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتییە، هەرێمی كوردستان داوا دەكات ئەم پشكە مانگانە و لەسەر بنەمای ڕاپۆرتی وەزارەتی دارایی و داهاتی ڕاستەقینە بێت كە دەكاتە نیوەی داهاتی بەردەست، ئەگەر نەگەنە رێككەوتن، بەغدا 120 ملیارەكە لە مووچە دەبڕێت، بەوەش كێشە بۆ بەشێك لە مووچەخۆران وەك مانگی پێشوو دروست دەبێتەوە.



وشە - سۆران عەزیز