بەپێی ئاماری میدیاكانی ئێران، لە ماوەی ساڵێكدا نزیكەی 200 هەزار ژن كارەكانیان لە دەست داوە، چالاكانی ژنان پێیان وایە ئەمە سیاسەتی دوورخستنەوەی ژنانە لە ئابووری و كایەی گشتیی كۆمەڵگە.
میدیاكانی ئێران لەبارەی دوورخستنەوەی ژنان لە بازاڕی كاردا لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران، ئاماری وردیان خستەڕوو و بەپێی ئامارەكە، زیانی زۆر بەر ژنان كەوتووە و ئامانجیش پاشەكشێی ژنانە لە ئابووری سەربەخۆ.
ئامارەكان لە ماوەی یەك ساڵی ڕابردوودا، نزیكەی 200 هەزار ژن كارەكانیان لە دەست داوە، ژمارەی ڕەخساندنی هەلی كار بۆ ژنان بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، نزیكەی 195 هەزار كەس كەمی كردووە، تەنیا نزیكەی چوار هەزار و 600 كەس بەدوای كاردا گەڕاون.
ئاماژە بەوەش كراوە، گەورەترین دابەزینی دامەزراندنی ژنان لە كەرتی خزمەتگوزاری و پیشەسازیدا تۆمار كراوە، دوو كەرت كە لە ساڵانی پێشوودا بە گرنگترین شوێنی دامەزراندن بۆ ژنان دادەنران.
شارەزایانی ئابووری و چالاكانی مافی ژنان پێیان وایە، ئەم ڕەوتە تەنیا گۆڕانكارییەكی ئاماری نییە، بەڵكو جۆرێكە لە نەهێشتنی ژنان لە بازاڕی كاردا، ڕەوتێك كە دەتوانرێت وەك نیشانەی سیاسەتی دوورخستنەوەی ژنان لە ئابووری و كایەی گشتیی كۆمەڵگە سەیر بكرێت.