بەرپرسێكی پارێزگای كەركووك رای گەیاند كە كۆمپانیای "بی پی"ی بەریتانی دەگەڕێتەوە كاركردن لە سنووری پارێزگاكە و تاوتوێی جێبەجێكردنی گرێبەستەكەی لەگەڵ وەزارەتی نەوت بۆ پەرەپێدانی كێڵگە نەوتییەكانی كەركووك كراوە.
ئەنجیل زیا شیبا ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك رای گەیاند، كۆبوونەوەیەك لە نێوان محەمەد سەمعان پارێزگاری كەركووك و زەید یاسری بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای "بی پی"ی بەریتانی لە عێراق بۆ تاوتوێكردنی جێبەجێكردنی گرێبەستی نێوان كۆمپانیاكە و وەزارەتی نەوت بۆ پەرەپێدانی كێڵگە نەوتییەكان لە سنووری پارێزگای كەركووك ساز كراوە.
روونی كردەوە، لە دوای لێكەوتەكانی رووداوەكانی ناوچەكە و وەستانی كاركردنی كۆمپانیاكە، ئێستە كۆمپانیاكە دەستی بە كاركردن كردووەتەوە و ئەوەش هەنگاوێكی گرنگە بەرەو جێبەجێكردنی پڕۆژەكان و زیادكردنی بەرەهەمهێنان، لە كۆبوونەوەكە باسی قۆناغەكانی جێبەجێكردنی گرێبەستەكە كرا، بەتایبەتی پەرەپێدان و زیادكردنی بەرهەمهێنان لە هەردوو كۆمپانیای نەوتی باكور و غازی باكور، لەپاڵ باسكردنی پلانەكانی ئەو كۆمپانیایە لە داهاتوودا.
بەپێی سەرچاوەیەك لە كۆمپانیای نەوتی باكور، تیمە تەكنیكی و ئەندازیاریی كۆمپانیاكە گەڕاونەتەوە شوێنی كاركردنیان لە سنووری پارێزگای كەركووك، ئەوەش دوای ئەوەی بەهۆی شەڕی دوایی ئێران و ئەمەریكا و ئاڵۆزبوونی دۆخی ناوچەكە و عێراق، لە مانگی ئاداری رابردوو كۆمپانیاكە زۆرینەی كارمەندە بیانییەكانی كشاندەوە.