وەزارەتی دارایی: داهاتی حەوت ساڵی رابردووی باج لە كوردستان پێنج ترلیۆن و 400 ملیار دینار بووە

:: AM:10:29:30/06/2026 ‌
وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان، داهاتی حەوت ساڵی ڕابردووی باجی بڵاو كردەوە كە زیاتر لە پێنج ترلیۆن و 400 ملیار دینار بووە، زۆرترین ڕێژەی داهاتی باج و خانووبەرەی میری لە پارێزگای هەولێرە.

 وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان، لە درێژەی خستنەڕووی ناوەڕۆكی پەرتووكی كار و چالاكی و چاكسازییەكانی وەزارەتی دارایی و ئابووری، لە چوارچێوەی پێڕەوكردنی بنەماكانی شەفافییەت و ئەنجامدانی چاكسازی، بەشی دووەمی داتا و زانیارییەكان كە تایبەتە بە داهاتەكان و وردەكارییەكانی لەسەر ئاستی وەزارەت و پارێزگاكان دەخرێتەڕوو.

بەپێی داتاكان، كۆی داهاتی باج و خانووبەرەی میری لە ساڵی 2019 تا كۆتایی ساڵی 2025، نزیكەی پێنج ترلیۆن و 415 ملیار و 30 ملیۆن دینار بووە.

وەزارەتی دارایی و ئابووری لە ماوەی حەوت ساڵی ڕابردوودا، چەندان چالاكی و چاكسازی ئەنجام داوە لە بوارەكانی كارگێڕی، دارایی، یاسایی، پیشەیی و تەكنیكی بەپێی یاسا و ڕێساكان، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و لایەنەكانی دادوەری و داواكاری گشتی، هەروەها لەگەڵ لایەنەكانی بازرگانی و وەبەرهێنان... هتد لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان.

دوای ئاماژەدان بە بەشی یەكەمی پەرتووكەكە كە پێكهاتبوو لە بودجەی گشتیی عێراق و پشكی هەرێمی كوردستان و میلاك، ژمارەی مووچەخۆر و سوودمەندان لەگەڵ شێوازی دابەشكردنی مووچە، خەرجییە گشتییەكان و قەرز و پێشینەكان.

بەمەبەستی ڕێكخستنی كارەكانی باج و خانووبەرەی میری لە هەرێمی كوردستان، كۆكردنەوەی داهات و نەهێشتنی خۆدزینەوە لە باج و هەڵوەشاندنەوەی لێخۆشبوونەكان و پێداچوونەوە بۆ قەرزدارانی باج، چەندان هەنگاوی تر هەر وەك لە كتێبی وەزارەت ئاماژەی پێ كراوە لە بوارەكانی:

1-  بە سیستمكردنی پرۆسەی كاروباری باج و خانووبەرەی میری لە هەرێمی كوردستان، لەگەڵ فەرمانگەی تەكنەلۆجیای زانیاریی حكوومەتی هەرێم.

2-  ڕێكخستنەوەی باج لە خاڵە سنوورییەكان و دانانی ڕێكارەكانی تایبەت بە وەرگرتنی باجی هاوردە و هەناردە.

3-  ڕێكخستن و پۆلێنكردنی ژمارەی كۆمپانیاكانی گەورە باجدەران لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان.

4-  پێداچوونەوە و هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی لێخۆشبوون لە باجی زەوی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان. 

5-  سەرژمێریكردن و كەمكردنەوەی زێدەڕۆیی لەسەر موڵكەكانی میری و بەكرێدان و فرۆشتنی موڵكەكانی وەزارەتی دارایی و ئابووری، لە ژێر ڕۆشنایی یاسادا. 

6-  هەمواركردنەوەی پێڕەوی تیانووسی گرتنی بازرگانی (نڤام مسك السجلات التجاریە لچریبە الدخل) بۆ مەبەستەكانی باجی دەرامەت و دانانی پێڕەوی ئەنجوومەنی پیشە (مجلس مهنە التدقیق والحسابات) لەگەڵ چەندان هەنگاوی تر.

وەزارەتی دارایی و ئابووری لە كۆتایی ڕاگەیەنراوەكەدا ئاماژەی بەوە كردووە، زۆرترین ڕێژەی داهاتی باج و خانووبەرەی میری لە پارێزگای هەولێرە، لەبەرئەوەی پایتەختی هەرێمی كوردستانە و ژمارەی كۆمپانیا گەورەكان و جووڵەی بازرگانی لەو پارێزگایە زیاترە بەراورد بە پارێزگاكانی تر. هەروەها ڕوونی كردووەتەوە كە باجی هاوردە و هەناردە لە خاڵە سنوورییەكان و دەروازەكان كۆ دەكرێتەوە. 

بەگوێرەی داتاكانی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان لە ماوەی حەوت ساڵی رابردوودا، تێچووی بەرهەمهێنانی كارەبا لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 10 تریلیۆن و 260 ملیار دینار بووە، بەڵام حكوومەت تەنیا چوار تریلیۆن دیناری لەو تێچووە بۆ كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی كارەبا خەرج كردووە، زیاتر لە شەش تریلیۆن دیناری بەهۆی نەبوونی سیولەی نەختینە لە بانكەكان خەرج نەكردووە.

ئەو داتایانەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە دووتوێی كێتبێك بە ناوی (كار و چالاكی و چاكسازییەكانی وەزارەتی دارایی و ئابووری 2019 - 2025) بڵاو كراونەتەوە.



وشە - سۆران عەزیز