دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان و شاندێكی وەبەرهـێنەرانی هەرێمی كوردستان بەشدارییان لە كۆڕبەندی ئابووریی هەرێمی كوردستان - هەرێمی مورسیای ئیسپانیدا كرد.
د. محەمەد شوكری سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان، بۆ "وشە" گوتی، ئەم جۆرە كۆڕبەندانە هۆكارن بۆ دروستكردنی پێوەندی ئابووری و ئاڵوگۆڕی بازرگانی دوولایەنە لە چوارچێوەی بەرژەوەندیی هاوبەشدا.
ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد كە دەرفەت و یاسا و ڕێنوێنییەكانی وەبەرهێنان بۆ وەبەرهێنەری بیانی خرایە ڕوو، هاوكات پێـشوازیمان لە كۆمپانیاكانی ئیسپانیاش كرد لە خواستیان بۆ وەبەرهێنان هەرێمی كوردستان و پاڵپشتی و هاوكاریكردنیان.
سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان گوتی، هەردوولا ڕێككەوتین كە كۆڕبەندێكی هاوشێوە لە نۆڤێمبەری ئەمساڵ لە هەولێری پایتەخت ئەنجام بدرێت، بۆ ئەم مەبەستە بڕیاریان دا هەنگاوی پێویستی لە ماوەی داهاتوودا بۆ بنرێت زەمینەسازی بۆ بكرێت.
كۆڕبەندی ئـابـووریی هـەرێمی كوردستان و هەرێمی مورسیا بە هەماهەنگی و هاوبەشی لەلایەن دەستەی وەبەرهێنان و نوێنەرایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئیسپانیا ڕێكخرابوو.
وشە/ فەیسەڵ شێخانی