نرخی نەوت بەرز بووەوە

:: AM:09:24:01/07/2026 ‌
ئەمڕۆ چوارشەم بەهۆی ئەگەر و مەترسی دروستبوونەوەی گرژییەكان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نەگەیشتنی نەوتی كەنداو بۆ بازاڕەكانی دنیا، بەتایبەت دوای وەستانی دانیشتنەكانی نێوان واشنتن و تاران، نرخی نەوت كەمێك بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی.

نرخی خامی برنت ئەمڕۆ 33 سەنت بەرز بووەوە و بەرمیلێكی بە 73 دۆلار و 28 سەنت فرۆشرا، لە كاتێكدا نەوتی خامی تێكساسی ئەمەریكا 34 سەنت بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی و بەرمیلێكی گەیشتە 69 دۆلار و 84 سەنت.

ئەو بەرزبوونەوەیە چەندان هۆكاری لە پشتە، سەرەكیترینیان مەترسی سەرهەڵدانەوەی گرژییەكانی نێوان ئەمەریكا و ئێرانە لە كەنداو، بەتایبەت كە ئێستە دانیشتنەكان جۆرێك لە وەستان و پاشەكشەیان پێوە دیارە.

جیا لەوە دابەزینی بڕی نەوت لە ئەمبارە ستراتیجییەكانی ئەمەریكا بە ڕێژەی 6.1 ملیۆن بەرمیل لە هەفتەی ڕابردوو، وایكرد كە بەنزینی ئەمباركراویش كەم بكات، ئەمەیش جارێكی تر نرخی نەوتی بەرز كردەوە.

درەنگانی شەوی ڕابردوو، شاندی ئەمەریكا كە لە ستیڤ ویتكۆف نێردەی تایبەتی ترەمپ و جارید كۆشنەر زاوای ترەمپ پێكهاتوون، گەیشتنە قەتەر تا لەگەڵ شاندی ئێران كۆ ببنەوە، بەڵام ڕۆیتەرز ئەمڕۆ چوارشەم لە زاری بەرپرسانی ئێران بڵاوی كردەوە، ئێران ئامادە نییە شاند بنێرێتە قەتەر تا لەگەڵ ئەمەریكییەكان كۆ ببنەوە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د