مووچەی بنەڕەتی زیاد دەكرێت و جیاوازیی مووچە كەم دەكرێتەوە

:: AM:10:48:01/07/2026 ‌
لیژنەی هەمواركردنەوەی خشتەی مووچە، نزیكەی 80%ی داتاكانی یەكلا كردووەتەوە. پڕۆژە نوێیەكە ئامانجی زیادكردنی مووچەی بنەڕەتی و ڕێكخستنەوەی دەرماڵەكانە.

هەنا‌ ئەسەدی سەرۆكی لیژنەكە و بریكاری وەزارەتی پلاندانان، لە لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامەی فەرمی عێراق ڕای گەیاند، "لیژنەكە زیاتر لە جارێك كۆبووەتەوە و چەندان پێشنیازی پێشكەش كردووە، دیارترینیان زیادكردنی مووچەی بنەڕەتییە (الاسمی) لە بەرانبەر كەمكردنەوەی دەرماڵەكان بۆ دەستەبەركردنی دادپەروەری لە نێوان فەرمانبەران، ئەمەش بەشێوەیەكی باش لە مووچەی خانەنشینیدا ڕەنگ دەداتەوە.

ئاماژەی بەوەش كرد، "سیناریۆیەكی تر بریتییە لە پێوەندیكردن بە هەموو یەكەكانی خەرجی لە سەرجەم وەزارەتەكان، بۆ ئەوەی خشتەی مووچەكان بە وردەكارییە زیاترەوە بدەنە لیژنەكە".

 ڕوونیشی كردەوە، 80%ی ئەم دۆسیەیە یەكلا بووەتەوە، دوای وەڵامدانەوەی هەموو یەكەكان، لەوانەش سێ سەرۆكایەتییەكە، بەمزووانە كۆتایی دێت .

ئەسەدی ڕوونی كردەوە، "سیناریۆكان لە كۆبوونەوەیەكی نزیكی لیژنەكەدا دەخرێنە ڕوو، پێویستی تەواوكردنی پڕۆژەی (ژمارەی وەزیفی) بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەی (دوو مووچەیی)، جگە لە پێویستی هەمواركردنەوەی هەندێك یاسای تایبەت بە خزمەتی زانكۆیی و سەربازی و هیتر، بۆ دەستەبەركردنی هاوسەنگی لە خشتە نوێیەكەدا .

دۆسیەی خشتەی مووچە لە عێراق بەهۆی جیاوازییەكی گەورە لە نێوان نزمترین و بەرزترین مووچەدا هەیە، بە جۆرێك جیاوازیی نێوان هەندێك مووچە مەترسیدارە، بۆ نموونە مووچە هەیە 30 هەزارە و هەیە نۆ ملیۆن دینارە.



وشە - سۆران عەزیز