عێراق هەوڵی نوێكردنەوەی بەپەلەی رێككەوتنی بۆری نەوت لەگەڵ توركیا دەدات

:: PM:08:37:01/07/2026 ‌

رێككەوتنی نەوتی عێراق و توركیا لە كۆتایی ئەم مانگە كۆتایی دێت و توركیا رای گەیاند چیتر كار بە رێككەوتنی پێشوو ناكات، شارەزایان دەڵێن توركیا دەیەوێ رێككەوتنەكە نوێ بكاتەوەن بەڵام چەند مەرجێكی بۆ نوێكردنەوەی رێككەوتنەكە هەیە، هاوكات عێراق دەیەوێ بەر لە كۆتاهاتنی رێككەوتنەكە لە 27ی ئەم مانگە، بەخێرایی نوێی بكاتەوە.

بەپێی ماڵپەڕی " AGBI "ی بەریتانی بۆ هەواڵی وزە، رێككەوتنی بۆری نەوتی نێوان عێراق و توركیا لە كۆتاهاتن نزیك بووەتەوە، كە هەناردەكردنی نەوت لە كەركووكەوە بەرەو بەندەری جەیهانی توركیا رێك دەخات و لە 27ی ئەم مانگە كۆتایی دێت، ئەوەش لە كاتێكدایە كە بەهۆی كێشەی گەرووی هورمزەوە هەناردنی نەوتی عێراق تووشی كێشە بووە و ئەوەش وای لە عێراق كردووە لیژنەیەكی دانوستان لەگەڵ توركیا بۆ چارەسەركردنی كێشەكە پێك بێنێت.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕەكە توركیا داوای رێككەوتنێكی نوێ دەكات كە هاریكاریی لە بواری وزە و كەرتەكانی تر لەگەڵ عێراق فرەوانتر بكرێت، بۆیە عێراق لە گەیشتن بە رێككەوتنێكی نوێ پەلە دەكات بۆ دابینكردنی دەروازەیەكی تر بۆ هەناردنی نەوتەكەی دوور لە گەرووی هورمز، كە تا ئێستە بەهۆی چەند كێشەیەكەوە ئاسایی نەبووەتەوە.

یەكشەمی رابردوو سەلیم روكابی گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی نەوتی عێراق گوتی، لیژنەیەك لە وەزارەتەكانی نەوت و دارایی و دەرەوە و نوێنەری هەرێمی كوردستان بۆ دانوستان لەگەڵ توركیا پێك هێنراوە، ئەركی لیژنەكە بەڕێوەبردنی دانوستانەكانە لەگەڵ توركیا لەبارەی داڕشتنی رێككەوتنێكی نوێ لە شوێنی رێككەوتنی كۆنی بۆری نەوت بۆ رێكخستنی هەناردنی نەوتی لە عێراقەوە بەرەو توركیا.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل