ئەمڕۆ هەینی 3ی تەمووزی 2026، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتێکی لاوازی هەلی کار لە ئەمەریکا، بەهای دۆلار بەرەو گەورەترین دابەزینی هەفتانە لە ماوەی نزیکەی سێ مانگدا دەچێت. لە بەرانبەردا نرخی زێڕ بە ڕێژەی زیاتر لە یەک لە سەد بەرز بووەوە و یەکەم قازانجی هەفتانەی لە ماوەی پێنج هەفتەدا تۆمار کرد.
گەشەی هەلی کار لە ئەمەریکا بە شێوەیەکی بەرچاو خاو بووەتەوە، ژمارەی هەلی کارەکان تەنیا 57 هەزار هەلی کار زیادی کردووە، کە زۆر کەمترە لە پێشبینییەکان بۆ 110 هەزار. ئەمەش وای کرد پێشبینییەکانی بازاڕ بۆ بەرزکردنەوەی ڕێژەی سوود لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمەریکا کەم ببێتەوە بۆ سەدا 52، دوای ئەوەی پێشتر سەدا 64 بوو.
دابەزینی دۆلار بووە هۆی بووژانەوەی دراوەکانی تر، یۆرۆ گەیشتە بەرزترین ئاستی لە ماوەی دوو هەفتەدا بە 1.1442 دۆلار، پاوەندی بەریتانیش بە 1.3361 دۆلار جێگیر بوو. هەروەها یەنی ژاپۆنی گەیشتە 161.01 بەرانبەر بە دۆلار، کە کەمێک لە نزمترین ئاستی چەند دەیەی ڕابردووی دوور کەوتەوە و بووە هەناسەیەک بۆ ئەو دراوە.
لە بازاڕی کانزاکاندا، نرخی زێڕ لە مامەڵە خێراکاندا بە ڕێژەی 1.4 لە سەد بەرز بووەوە و گەیشتە 4179.94 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک. هەروەها زیو بە ڕێژەی 2.3 لە سەد، پلاتین 2.7 لە سەد و پالادیۆم 1.3 لە سەد بەرزبوونەوەیان تۆمار کرد.