عێراق بۆ هەناردەنی نەوت ناتوانێ‌ دەستبەرداری بەندەرەكانی بەسرە و بۆرییەكانی هەرێم بێت

:: PM:10:52:03/07/2026 ‌
رۆژنامەی مەدای عێراقی لە راپۆرتێكدا دووپاتی دەكاتەوە، هەر چەندە عێراق پلانی چەند پرۆژەیەكی گەورەی هەیە بۆ زیادكردنی هەناردەی نەوت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ناتوانێ‌ دەستبەرداری بەندەرەكانی بەسرە و بۆرییەكانی هەرێمی كوردستان بێت.

ئەمڕۆ هەینی سێی تەمووز عاسم جیهاد توێژەر لە بواری وزەی لێدوانی بۆ مەدا داوە تێیدا باس لەوە دەكات بەندەرەكانی بەسرە بڕبڕەی پشتی هەناردەی نەوتی عێراقن و بە هیچ شێوەیەك ناتوانێ‌ دەستبەرداری بێت. جیا لەوەیش بۆری هەرێمی كوردستان و بۆری كەركووك جەیهانیش هەمان گرنگیان بۆ عێراق هەیە.

جیهاد باس لەوە دەكات هەر چەندە لە عێراق پلان بۆ راكێشانی هێڵێك هەیە كە نەوتی عێراق بە بەندەری عەقەبەی ئوردنی بگەینێ‌، هەروەها پلانی بۆ نۆژەنكردنەوەی هێڵی كەركووك- بانیاس هەیە، كەچی ئەو پرۆژانە ستراتیجین و لە ئێستەدا ناتوانرێت جێبەجێ بكرێن.

ئەمڕۆ هەر یەكە لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی دەرەوەی عێراق باسیان لەوە كرد عێراق و هەرێم و توركیا خەریكی دانوستاندن بۆ رێككەوتنی نوێ لەبارەی هەناردەی نەوتەوە.



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل