بەرهەمی شووتی شارەزوور پێگەیشتووە و ئێستە رۆژانە هەزار تۆن رەوانەی شارەكانی عێراق دەكرێت، ئەمەش سەرچاوەیەكی گرنگی داهاتە و كاری بۆ سەتان گەنج لە ناوچەكە خوڵقاندووە.
حەمە لیمۆ كە جووتیارێكی شارۆچكەی سەیدسادقە و لە دەشتی شارەزوور چەندان دۆنم شووتیی چاندووە، بۆ"وشە" گوتی، ئەمساڵ شووتیی شارەزوور تایبەتە و بەرهەمێكی باشی هەیە، ئەویش بەهۆی ئەوەی ئاو زۆرە و بارانی باش باریوە.
گوتیشی، ئێستە رۆژانە بەیانیان سەعات پێنج دەست دەكەین بە ڕنینەوەی شووتییەكە، چەندان پیكاب و دووتەنیی لێ بار دەكەین و بۆ عەلوەی سلێمانی دەنێرین.
باسی لەوە كرد كە لەم رۆژانەدا لە شارەزوور، سەتان گەنج بەكچ و كوڕەوە كار دەكەن و بووەتە سەرچاوەیەكی گرنگی داهات و كار بۆ خەڵكی ناوچەكە.
پێشبینی دەكرێت ئەمساڵ بەرهەمی شووتی تەنیا لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە و شارۆچكەی سەیدسادق بگاتە 60 هەزار تۆن. دوای پشكنین و تاقیكردنەوەش بەرهەمەكە ڕەوانەی بازاڕەكانی ناوخۆ و ناوچەكانی خوارووی عێراق دەكرێت.
لەمبارەیەوە د. قارەمان قادر گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان، بە "وشە"ی گوت، تەنیا لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە سێ هەزار و 825 دۆنم، لە سەیدسادقیش پێنج هەزار دۆنم زەوی بە بەرهەمی شووتی چێنراون.
شووتیی شارەزوور لە مانگی شەش دەست پێ دەكات و تا مانگی 10 بەردەوامیی دەبێت.