دەرماڵەی مەترسی بۆ مامۆستایان خەرج دەكرێت

:: AM:10:09:04/07/2026 ‌
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی كوردستان، بە نووسراوێكی فەرمی ڕەزامەندیی دەربڕی لەسەر خەرجكردنی دەرماڵەی مەترسی بۆ مامۆستایانی كۆلێژەكانی ئەندازیاری لە زانكۆكانی هەرێم لە ماوەی پشووەكانی مانگی تەمووز و ئابدا.

بەپێی ئەو گشتاندنەی وەزارەت كە بە ژمارە (10909) لە ڕێكەوتی 2-7-2026 دەرچووە، خەرجكردنی ئەو دەرماڵەیە مەرجدار كراوە بەوەی مامۆستاكان ئەركی سەرپەرشتیكردنیان لەو ماوەیەدا پێ سپێردرابێت. ئەم بڕیارە لەسەر داواكاریی ڕاگری كۆلێژەكانی ئەندازیاری لە زانكۆكانی هەرێم هاتووە.

شایانی باسە بەپێی یاسا و ڕێنوێنییەكان، مامۆستایانی زانكۆ كە هەڵگری نازناوی زانستین، ساڵانە لە یەكـی تەمووز تا 31ـی ئاب لە پشووی فەرمیدان. بەشێوەیەكی ئاسایی لەو ماوەی پشووەدا، ئەو مامۆستایانە بێبەش دەبن لە وەرگرتنی چەند دەرماڵەیەكی وەك هاندان، جیۆگرافی و مەترسی، كە بە بڕیارە نوێیەكە بۆ مامۆستایانی ئەندازیاری كە كار دەكەن، ئەم ڕێگرییە لادەبرێت.



وشە - سۆران عەزیز