بێگەرد تاڵەبانی: ساڵانە لە كوردستان 300 هەزار تۆن گۆشتی مریشك و ملیۆنێك تۆن پەتاتە بەرهەم دەهێنرێت

:: AM:10:40:04/07/2026 ‌
بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان كۆمەڵێك زانیاری و ئاماری نوێی لەبارەی كەرتی كشتوكاڵ، بەرهەمی ناوخۆیی و پێوەندییەكانی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ خستەڕوو.

وەزیری كشتوكاڵ ئەمڕۆ شەموو چواری تەمووز رای گەیاند، بۆ ئەمساڵ پێشبینی دەكرێت بەرهەمی گەنمی هەرێمی كوردستان بگاتە ملیۆن و نیوێك تۆن كە لەلایەن 57 هەزار جووتیارەوە بەرهەم دەهێنرێت.

 بێگەرد تاڵەبانی رەخنەی لە حكوومەتی عێراق گرت و ئاماژەی بەوە كرد، بەغدا مامەڵەیەكی دروست لەگەڵ هەرێم ناكات و تەنیا بڕی 400 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی هەرێم وەردەگرێت.

بێگەرد تاڵەبانی ئاشكرای كرد، بۆ یەكەمجار لە مێژووی هەرێمی كوردستاندا، پرۆسەی بەپیشەسازیكردنی گەنم چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، "دوو كۆمپانیای كەرتی تایبەت گەنمی زیادەی جووتیاران بۆ مەبەستی پیشەسازی دەكڕنەوە".

هاوكات دووپاتی لەوە كردەوە كە لە كابینەی نۆیەمدا، رێگرییەكی توند كراوە و رێگە نەدراوە یەك دەنكە گەنمی قاچاخ بچێتە ناو سایلۆكانەوە، هەروەها ئێستە هەرێم توانای كۆگەكردنی ملیۆنێك تۆن گەنمی هەیە.

وەزیری كشتوكاڵ ئاماژەی بەوە كرد كە ساڵانە 300 هەزار تۆن گۆشتی مریشك و ملیۆنێك تۆن پەتاتە بەرهەم دەهێنرێت.

 راشی گەیاند كە لەو وەرزانەی پەتاتەی ناوخۆ دەگاتە بازاڕ، بە هیچ شێوەیەك رێگە بە هاوردەكردنی پەتاتە لە دەرەوە نادرێت.

لەلایەكی تریشەوە، موژدەی ئەوەی دا كە لە ماوەیەكی نزیكدا هەرێمی كوردستان دەست بە هەناردەكردنی تەماتە بۆ دەرەوەی وڵات دەكات.

وەزیری كشتوكاڵ دووپاتی كردەوە، پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ و پاراستنی مافی جوتیاران لە كارە لەپێشینەكانیانە، كار دەكەن بۆ ئەوەی بەرهەمی ناوخۆیی بگاتە ئاستی پێویست بۆ پڕكردنەوەی پێداویستییەكان و هەناردەكردن.



وشە - سۆران عەزیز