دەستەی دەسپاكی عێراق وردەكاری گرتنی سێ بەرپرسی لە بازگەیەكی كەركووك بە تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل بڵاو كردەوە.
دەستەكەی بڵاوی كردەوە كە لە ئۆپەراسیۆنێكی هاوبەشی دەستەی دەسپاكی و دەزگای هەواڵگریدا، سێ بەرپرسی بازگەی "دارەمان" لە كەركووك لە كاتی وەرگرتنی بەرتیلدا گیران.
ئاماژە بۆ ئەوەیش كراوە كە بە پشتبەستن بە زانیاریی پێشوەختە و ئاگەداركردنەوەیان لەلایەن ئەو كەسانەی بەرتیلەكەیان داوە، دەستەی دەسپاكیی كەركووك بە هاوئاهەنگی لەگەڵ نووسینگەی كەركووكی دەزگای هەواڵگریی عێراق، لە ئۆپەراسیۆنێكدا سێ كەسیان گرتووە.
وەك دەستەكەی ئاماژەی بۆ كردووە كە ئەو سێ بەرپرسە پلەی بەرپرسیارێتییان لە بازگەی گومرگی دارەمان هەیە و لەو كاتەدا گەندەڵییان كردووە، بە جۆرێك چاوپۆشییان لەو بارهەڵگرانە كردووە كە كاڵایان بۆ پارێزگاكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەگواستەوە، لە بری ئەوەی پسوولەی گومرگییان بۆ بكەن و گومرگی فەرمی وەرگرن، بڕێكی دیاریكراو پارەیان لە شۆفێران وەرگرتووە و ڕێگەیان پێ داون تێپەڕن.
ئەوە لەكاتێكدایە كە هەفتەی ڕابردوویش، لەسەر وەرگرتنی پارە شەش كەسی تر لە بازگەی چیمەن گیران.