كوردستان لەگەڵ ئیسپانیا بازرگانی دەكات

:: AM:09:52:06/07/2026 ‌
بەمزووانە كۆمپانیا ئیسپانییەكان روو لە هەرێمی كوردستان دەكەن، بڕیارە لە مانگی 11دا كۆڕبەندێكی ئابووریی هاوبەش لە نێوان هەرێمی كوردستان و ئیسپانیا بەڕێوە بچێت.

شاندێكی ئابووری هەرێمی كوردستان چوونە ئیسپانیا و بەشدارییان لە دوو كۆڕبەندی ئابووری كرد، وەبەرهێنەرانی كوردستان چەندان گرێبەست و یاداشتی لێكتێگەیشتنیان لەگەڵ كۆمپانیا ئیسپانییەكان واژوو كرد.

لەمبارەیەوە بەرگەشت ئاكرەیی گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان، بۆ "وشە" گوتی، شاندێكی ئابووری كە پێكهاتبوون لە 40 وەبەرهێنی هەرێمی كوردستان، چوونە ئیسپانیا و لەوێ چەندان گرێبەست و یاداشتی لێكتێگەیشتنیان لەگەڵ كۆمپانیا ئیسپانییەكان واژوو كردووە.

بەگوتەی بەرگەشت ئاكرەیی، ئامانجی هەرێمی كوردستان ڕاكێشانی سەرنجی كۆمپانیا ئیسپانییەكان بووە تا لە سێكتەرەكانی كشتوكاڵ، گەشتیاری و نەوت و گازدا وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان بكەن.

 ئاكرەیی گوتی، بڕیارە لە مانگی 11ی ئەمساڵدا كۆڕبەندێكی هاوشێوە لە كوردستان بەڕێوە بچێت، تێیدا زیاتر لە 60 كۆمپانیای ئیسپانی بێنە كوردستان و چەندان رێككەوتن و لێكتێگەیشتن واژوو بكەن .




وشە - سۆران عەزیز