فەرمانگەكانی گەرمیان بە قەرز بەڕێوە دەبردرێن

:: PM:07:16:06/07/2026 ‌
ماوەی چوارمانگە بەشێك لە فەرمانگەكانی گەرمیان پارەی خەرجی رۆژانەیان وەرنەگرتووە و داهاتی سنوورەكەیش نازانرێ‌ كە چی لێ‌ دێت، ئەوە كێشەی بۆ فەرمانگەكان دروست كردووە تەنانەت ئاوی خواردنەوەیش فەرمانبەران خۆیان دەیكڕن. 
‏‎
بەپێی زانیارییەكانی "وشە" لە مانگی ئاداری ئەمساڵەوە تائێستە، بەشێكی زۆری فەرمانگەكانی گەرمیان "نەسرییە"ی مانگانەیان وەرنەگرتووە بۆئەوەی بتوانن خەرجییەكانی فەرمانگەكانیان پێ رایی بكەن.

‏‎بەپێی گوتەی سەرچاوەیەكیش لە بانكی گەرمیان، هۆكاری خەرجنەكردنی ئەو پارەیە دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی پارەی نەختینە لە بانكدا.

زیاتر گوتی، هەندێك لە فەرمانگە خزمەتگوزارییەكان "نەسریە"یان بۆ خەرجكراوە، بەڵام بەشێكی زۆریان ماونەتەوە.
‏‎
هاوكات بەڕێوەرێكی گشتیی لە گەرمیان كە پێی باش نەبوو ناوی بڵاو بكرێتەوە، بۆ "وشە" گوتی، بەهۆی خەرجنەكردنی "نەسرییە"وە، پێداویستی فەرمانگەكەیان لە پەڕاوگە و سووتەمەنی یان بە قەرز دەهێنن یا لەسەر حیسابی بەڕێوبەر و فەرمانبەرەكان.

بەگوێرەی داتاكانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان، خەرجیی مانگانەی داودەزگاكانی حكوومەت، 130 تا160 ملیار دینارە، نزیكەی نیوەی ئەو خەرجییانە بۆ پێشینەی مانگانە (نەسریە)ی فەرمانگەكانن، بەڵام دیار نییە كە بۆچی فەرمانگەكانی گەرمیان بەمشێوەیە سزا دەدرێت.

وشە/ ئاری سەعدوڵا 


وشە - وشه‌