ئاژانسی سەلامەتیی فڕۆكەوانیی سەربە یەكێتیی ئەوروپا، هۆشداریی دەداتە فڕۆكەكان لەوەی بە ئاسمانی عێراق و ئێران گەشتەكانیان ئەنجام نەدەن و دەشڵێ، "تا كۆتایی ئاب ئەو رێنوێنییە بەردەوام دەبێت".
ئەمڕۆ چوارشەم هەشتی تەمووز، ئاژانسی سەلامەتیی فڕۆكەوانی كە بە كورتكراوەی "EASA" دەناسرێت، هۆشداریی بە فڕۆكەكان دەدات لەوەی گەشتەكانیان بە ئاسمانی عێراق و ئێران ئەنجام نەدەن، بەهۆی بەردەوامبوونی گرژییەكانی ناوچەكە و بوونی هێرشی سەربازی.
ئاژانسەكە دووپاتیشی دەكاتەوە، ئەو هۆشدارییە تا كۆتایی مانگی ئاب بەردەوام دەبێت.
شەوی رابردوو ئەمەریكا چەند هێرشێكی بۆ سەر ئێران ئەنجام دا، لە تۆڵەی ئەو هێرشەی ئێران كردبوویە سەر دوو كەشتیی سعوودی و قەتەری. لە وەڵامیشدا ئێران چەند هێرشێكی بۆ سەر بەحرێن و كوێت ئەنجام دا.