ئەگەرچی بڕیار دراوە كەمترین مووچەی كرێكارانی خانەنشین ببێتە 500 هەزار دینار، بەڵام لەم مانگەوە زیاد نەكراوە و دەكەوێتە مانگەكانی داهاتوو.
دابەشكردنی مووچەی مانگی شەشی كرێكارانی خانەنشین دەستی پێ كردووە، بەڵام بۆ ئەم مانگەش هاوشێوەی مانگەكانی پێشوو مووچەكانیان وەردەگرن و بڕیاری زیادكردنەكە نەگەیشتووە.
ئەمە لە كاتێكدایە لە دواین كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم لە 24ی حوزەیرانی 2026، بڕیار درا كەمترین مووچەی كرێكارانی خانەنشینی كەرتی تایبەت بكرێتە 500 هەزار دینار، لە كاتێكدا پێشتر بەپێی ساڵانی خزمەت مووچەكانیان لە 150 هەزار دینارەوە دەستی پێ دەكرد.
مەریوان بەگۆك بەڕێوەبەری گشتیی كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتی ڕای گەیاند، پێدانی 500 هەزار دینار وەك كەمترین مووچە ئەم مانگە جێبەجێ ناكرێت، چونكە هێشتا ڕێكارەكان تەواو نەبوون و بڕیارەكە نەهاتووەتە خوارەوە، پێشبینیش دەكرێت لە دوو مانگی داهاتوودا بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
لە هەرێمی كوردستاندا 307 هەزار كرێكار دەستەبەر كراون، لەو ژمارەیەش هەزار و هەشت كرێكار خانەنشین كراون و مووچەكانیان جیاوازە، بەپێی یاسا هەر كرێكارێكی پیاو لە كەرتی تایبەت تەمەنی بگاتە 60 ساڵ و خزمەتی 20 ساڵی هەبێت، هەروەها كرێكاری ئافرەت تەمەنی بگاتە 55 ساڵ و خزمەتی 20 ساڵی هەبێت، خانەنشین دەكرێت.