عێراق لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2026 لە لیستی یەكەمی هاوردەكارانی مریشكی بەرازیلیدا نەما، ئەمەش یەكەم جارە دوای ساڵانێك كە كڕیارێكی سەرەكی بوو، ئەمەش هاوكات بوو لەگەڵ بڕیارەكەی حكوومەتی عێراق بۆ قەدەغەكردنی هاوردەكردنی مریشك و بەرهەمەكانی، بە ئامانجی پاڵپشتیكردنی بەرهەمی ناوخۆ و مریشكی كوردستان.
ئەمڕۆ چوارشەم هەشتی تەمووز، بەپێی داتایەك كە میدیاكان بڵاویان كردووەتەوە، چین لە پێشەنگی لیستی گەورەترین هاوردەكارانی مریشكی بەرازیلی لە مانگی حوزەیراندایە، لە دوای ئەویش ژاپۆن و ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی و سعوودیە و یەكێتیی ئەوروپا دێن، عێراق لە ڕیزبەندی سەرەكیی هاوردەكردندا نەبوو.
زانا عەبدولكەریم ئەندامی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان، بە "وشە"ـی راگەیاند، عێراق لە سەرەتای ئەمساڵ دوای دەركەوتنی پشكنینی مریشك لەلایەن تیمی خۆیان كە مریشكی كوردستان بێ كێشەیە، تا ئاستێك رێگریی كەم بووەتەوە.
زیاتر گوتی، ئێستە بەشێك لە بەرهەمی مریشكی كوردستان بۆ شارەكانی عێراق هەناردە دەكرێت، بەڵام رێگریی بازگەكانیش تا ئاستێك هەیە و دەبێت لە رێگەی كەسانێك هاوئاهەنگی بكرێت.
هەرێمی كوردستان لە بەرهەمهێنانی مریشك ئاستی خۆبژێوی تێپەڕاندووە، ئێستە رۆژانە دەتوانێ سەتان تۆن هەناردەی دەرەوە بكات.
عێراق لە ساڵی 2025دا بڕی 34 هەزار و 500 تۆن مریشكی بەستووی هاوردە كردووە، لە ساڵی 2024یشدا 49 هەزار و 900 تۆن بووە.
وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق لە 15ی 1ی 2026دا دەستی كرد بە جێبەجێكردنی قەدەغەكردنی هاوردەكردنی مریشكی تەواو و پارچەی مریشك و بەرهەمە پرۆسێسكراوەكانی مریشك، ئەمەش لە چوارچێوەی سیاسەتێكدا كە ئامانج لێی پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی و بەرەوپێشبردنی خۆبژێوییە.