هەنجیری كوردستان لە وەرزی پێگەیشتنە، بەڵام هێشتا وەك پێویست نەگەیشتووە بە بازاڕ و بە گوێرەی دوایین ئاماریش ساڵانە 20 هەزار تۆن هەنجیری خۆماڵی لە كوردستان دەخرێتە بازاڕەوە، بەڵام پێویستییەكانی ناوخۆ پڕناكاتەوە.
یاسین وەیسی جووتیارێكی تەقتەقە كە ناوچەكەی بە هەنجیر بەناوبانگە، بۆ "وشە" گوتی، هێشتا بەڕێژەیەكی كەم هەنجیری سنوورەكە گەیشتووەتە بازاڕ، بەڵام پێشبینی دەكرێت بەرهەمی ئەمساڵ هاوشێوەی ساڵانی پێشوو بێت.
ئەو جووتیارە گوتی، بە گشتیی لە زۆربەی ناوچەكانی كوردستان هەنجیر هەیە، بەڵام هی هەندێك ناوچە پلە یەكە و جیاوازە كە تەقتەق یەكێكە لەو ناوچانە.
گەورەترین وڵاتی بەرهەمهێنی هەنجیر لە دنیادا بریتین لە توركیا و میسر و جەزائیر و مەغریب و ئێران، بەڵام لە پارچەكانی تری كوردستانیش هاوشێوەی هەرێمی كوردستان هەنجیر بەرهەم دەهێنرێ كە لە ریزبەندی ئەو وڵاتانە دەبوو ئەگەر پێكەوە حیساب بكرابوایەن.
لە هەرێمی كوردستان زۆرترین بەرهەمی هەنجیر لە ئاكرێیە و دوای ئەوەیش لە تەقتەقە، بۆ یەكەمجار لە تەقتەق لە ساڵی 2022 فێستیڤاڵی هەنجیر سازكرا و هەنجیری ئاكرێش لەسەردەستی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان وەك زۆرێك لە بەرهەمی تری ناوخۆیی هەناردەی ئەمەریكا و ئەوروپا كراوە.