نرخی نەوت بەرزبوونەوەی پێوانەیی تۆمار کرد

:: PM:08:58:08/07/2026 ‌
ئەمڕۆ چوارشەم هەشتی تەمووزی 2026، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرز بووەوە، ئەوەش بەهۆی هەڵکشانی گرژییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران و ترسی دەرهاویشتەکانی ئەو ململانێیە لەسەر هەناردەی نەوت و جووڵەی کەشتییەکان لە کەنداو و گەرووی هورمز لەگەڵ بەردەوامیی ئاڵۆزییە سەربازییەکان.

تا سەعات 6:30ـی ئێوارە بە کاتی هەولێر، نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بۆ مانگی ئەیلوولی داهاتوو بە ڕێژەی 7.90 لە سەد بەرز بووەوە و گەیشتە 80.01 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، کە ئەمەش بەرزترین ئاستە لە 22ی حوزەیرانی ڕابردووەوە. هاوکات نرخی نەوتی خاوی ئەمەریکی (تێکساس) بۆ مانگی ئاب بە ڕێژەی 7.55 لە سەد بەرز بووەوە و گەیشتە 75.76 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.

پێشتر لە ئەمڕۆدا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا لە لێدوانێکدا ڕای گەیاندبوو کە پێدەچێت ئەمشەو جارێکی تر هێرش بکەنەوە سەر ئێران و ڕەنگە هێرشەکەشیان گەورە بێت. ئاماژەی بەوەش داوە کە ئێرانییەکان فێڵ دەکەن و پێشێلی ڕێککەوتنەکە دەکەن، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە ڕای گەیاند یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوانیان کۆتایی هاتووە، و دووپاتی کردەوە کە نایەوێت لە داهاتوودا هیچ مامەڵەیەکیان لەگەڵدا بکات.

ئەم لێدوانانە دوای ئەوە دێن کە فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەم ڕای گەیاند، کۆتاییان بە قۆناغێکی تری ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانیان هێناوە کە تێیدا زیاتر لە 80 پێگەی سەربازییان کردووەتە ئامانج، لەوانە سیستەمی بەرگریی ئاسمانی، تۆڕەکانی فەرماندەیی، ڕاداری کەناراوەکان و سەکۆی مووشەکیی دژە کەشتی، جیا لە بەئامانجگرتنی زیاتر لە 60 بەلەمی خێرای سەربە هێزە چەکدارەکانی ئێران لە دەوروبەری گەرووی هورمز.

لە بەرانبەردا، هێزە چەکدارەکانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا ڕایان گەیاندووە کە بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردووەتە سەر 85 پێگە و بنکەی سەربازیی ئەمەریکا لە بەحرێن و کوێت، وەک وەڵامێک بۆ ئەو ئۆپراسیۆنەی ئەمەریکا.

لەلایەکی ترەوە، کەناڵی "پرێس تی ڤی"ی ئێرانی لە زاری سەرچاوەیەکەوە بڵاوی کردووەتەوە کە هەر هێرشێکی نوێ بۆ سەر ئێران، دوو کاردانەوەی خێرای لێ دەکەوێتەوە؛ یەکەمیان داخستنی تەواوەتیی گەرووی هورمز بە ڕووی جووڵەی کەشتییەکاندا، و دووەمیشیان بەئامانجگرتنی ئەو پێگانەیە کە بە دوژمن وەسفی کردوون.


وشە - پۆڵا مەحموود