ئاڵۆزییەكانی گەرووی هورمز نرخی نەوت بەرز دەكەنەوە

:: PM:09:03:08/07/2026 ‌

دوای ئەو بۆردمانە ئاسمانییانەی ئەمەریكا بۆ ئێران و ئێران بۆ كوێت و بەحرێن و هەڕەشەكانی ئێران بە داخستنەوەی گەرووی هورمز، نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا بەرز بووەوە و نرخی بەرمیلێك خاوی برێنت كەیشتە سەرووی 80 دۆلار، كە ئەوەش بەرزترین ئاستیەتی لە 22ی حوزەیرانی رابردووەوە.

تا ئێوارەی ئەمڕۆ نرخی گرێبەستەكانی داهاتووی خاوی تێكەڵەی برێنت، واتە گرێبەستەكان بۆ مانگی ئەیلوولی داهاتوو، بە رێژەی 7.90% بەرز بووەوە و نرخی بەرمیلێك گەیشتە 80.01 دۆلار، بەوەش بەرزترین ئاستی لەوەتەی 22ی حوزەیرانی رابردوو تۆمار كرد، لەوكاتەی نرخی گرێبەستەكانی خاوی رۆژئاوای تەكساس بۆ مانگی ئاب بە رێژەی 7.55% بەرز بووەوە و نرخی بەرمیلێكی گەیشتە 75.76 دۆلار.

ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاند كە ئەمشەو ئەمەریكا جارێكی تر هێرش دەكاتەوە سەر ئێران، ئەو ئێرانییەكان بە فێڵباز و پێشێلكردنی رێككەوتننە سەرەتاییەكە تۆمەتبار دەكات و دووپاتی كردەوە با بزانین چی لەگەڵ دەكەین، گوتی، بەپێی رێككەوتنمان لەگەڵ ئێران دەبێت بەرنامە ئەتۆمییەكەی بوەستێنێت، ئەگینا ئێمە ئەو كارە دەكەین، بابەتەكە پێوەندیی بە گۆڕینی رژێمی ئێرانەوە نییە، بەڵكو بە چەكە ئەتۆمییەكەیەتی.

ئەوە لەوكاتەی ئەمڕۆ چوارشەم ترەمپ لە ئەنقەرە لە پەراوێزی كارەكانی لووتكەی ناتۆ رای گەیاند كە كۆتایی بەو رێككەوتنە هاتووە كە بە ناوی یاداشتی لێكتێگەیشتن بۆ كۆتایی شەڕ لەگەڵ ئێران واژوو كراوە، دووپاتی كردەوە كە بە هیچ شێوەیەك نایەوێ‌ لە داهاتوودا مامەڵە لەگەڵ ئێراندا بكات و بەرپرسانی ئێرانی بە نەخۆش ناو برد.

دوای ئەوەی دوێنێ هاتە راگەیاندن كە سوپای پاسدارانی ئێران بە مووشەك چەند كەشتییەكی لە گەرووی هورمز كردووەتە ئامانج، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەم سوپای ئەمەریكا زیاتر لە 80 ئامانجی سەربازیی ئێران و زیاتر لە 60 بەلەمی خێرای سوپای پاسدارانی لە دەوروبەری گەرووی هورمز كردە ئامانج، سوپای پاسدارانیش رای گەیاند كە هێرشی كردووەتە سەر 85 ئامانجی ئەمەریكی لە بەحرێن و كوێت.


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل