لەسەر ئاستی ئێران كرماشان پلەی یەكەمە لە بەرهەمی كشتوكاڵی

:: PM:03:25:11/07/2026 ‌
بەڕێوەبەری كشتوكاڵی كرماشان ڕای گەیاند، ساڵانە زیاتر لە پێنج ملیۆن و 500 هەزار تۆن بەرهەمی كێڵگەیی، باخداری و ئاژەڵداریی لە كرماشان بەرهەم دێت، كرماشان هەموو ساڵێك لە ڕووی بەرهەمهێنان لەسەر ئاستی ئێران پلەی یەكەم بەدەست دێنێت.

ڕەحمان فەیز قوربانی بەڕێوەبەری كشتوكاڵی پارێزگای كرماشان سەبارەت بە بەرهەمە كشتوكاڵییەكانی پارێزگاكە رای گەیاند، وەرزی بەرهەمی توو لە پارێزگای كرماشان كۆتایی هات و هەزار و 500 تۆن تووی سپی، تووی بێ ناوك، تووی خۆماڵی و شاتوو بەرهەم هێنراوە، هەروەها درەختی توو پێویستیی بە ئاوێكی زۆر كەم هەیە و تەنیا لە دوو بۆ سێ ساڵی یەكەمی چاندنیدا پێویستی بە ئاودێران هەیە و ئەوەش تایبەتمەندییەكی گونجاوە بۆ بارودۆخی كەمئاویی ئێستەی ناوچەكە.

روونیشی كردەوە كە بە بوونی زیاتر لە 950 هەزار هێكتار زەویی كشتوكاڵی لە پارێزگای كرماشان، ساڵانە زیاتر لە پێنج ملیۆن و 500 هەزار تۆن بەرهەمی كێڵگەیی، باخداری و ئاژەڵداریی دێتە بەرهەم.

هەروەك دووپاتی لەوە كردەوە كە پارێزگای كرماشان هەموو ساڵێك پلەی یەكەم تا حەوتەمی بەرهەمهێنانی بەرهەمەكانی وەك نۆك، چەوەندەر، جۆ، گەنم، هەنگوین، زەعفەران، گوێز و زەیتون لە ئاستی ئێراندا بەدەست دێنێت و پێگەی خۆی وەك یەكێك لە گرنگترین جەمسەرەكانی كشتوكاڵی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران جێگیر كردووە و بە بزوێنەری پەرەسندنی ئابووری و دابینكردنی ئاسایشی خۆراكی وڵات دەناسرێت.



وشە - وشه‌