"زیندووكردنەوەی بۆری كەركووك- بانیاس لە واشنتن دێتە راگەیاندن"

:: PM:10:33:11/07/2026 ‌

دوای رووداوەكانی كەنداو و داخرانی گەرووی هورمز، هەناردەكردنی نەوتی عێراق زۆر كەمی كرد و ئەوەش كاریگەریی زۆری لەسەر ئابووری عێراق هەبوو، وای كرد حكوومەتی عێراق بە دوای دەروازەی تر بۆ هەناردنی نەوتەكەی بگەڕێت، لەوانە زیادكردنی هەناردن لە رێگەی توركیا و زیندووكردنەوەی بۆری نەوتی كەركووك- بانیاس لە سووریا.

ماڵپەڕی "میدڵ ئیست ئای"ی بەریتانی لە ژمارەیەك بەرپرسی عێراقی و ناوچەكەی گواستەوە، عێراق و سووریا و ئەمەریكا بە نیازن زیندووكردنەوەی بۆری نەوتی كەركووك- بانیاس لە واشنتن رابگەیەنن، وەك هەوڵێك بۆ كەمكردنەوەی گرنگیی باڵادەستیی ئێران بەسەر گەرووی هورمز. 

بەپێی ئەو ماڵپەڕە، ئەگەری هەیە ئەو پلانە لە میانی سەردانەكەی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ واشنتن و دیداری لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بێتە راگەیاندن، تۆم باراك نێردراوی تایبەتی ئەمەریكا كاری لەسەر وردەكارییەكەی ئەو بابەتە بەر لە سەردانەكەی زەیدی بۆ واشنتن كردووە.

بەپێی بەرپرسێكی عێراقی، باراك پێوەندییەكی باشی كاركردنی لەگەڵ زەیدی بنیات ناوە و دەیەوێ زیندووكردنەوەی ئەو بۆریە بكاتە نموونەیەكی پڕۆژە بازرگانییەكان لە شام، كە وەك وەسفی كرد، سوودی بۆ ئەمەریكا و هەردوو حكوومەت هەیە.

بەپێی بەرپرسێكی باڵا لە ناوچەكە، ئەو بۆرییە بۆ زیندووكردنەوە پێویستی بە گۆڕین هەیە، ئەو كارەش لە ماوەی دوو بۆ سێ ساڵی پێویستە و لە لایەن كۆمەڵێك كۆمپانیای ئەمەریكییەوە بنیات دەنرێتەوە، ئەوەش وای كردووە ئەمەریكا سەرپەرشتیی پڕۆژەكە بكات. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل