كۆمپانیای گۆڵف كیستۆن پێترۆلیۆم (GKP) ڕای گەیاند، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی لە كێڵگەی شێخان گەیاندووەتەوە پێش سەرهەڵدانی جەنگ، ئێستە قەبارەی بەرهەمهێنان 43 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی تێپەڕاندووە.
كۆمپانیاكە كە پشكەكانی لە بۆرسەی لەندەن تۆمار كراون، لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوە كردووە كە پرۆسەی بەرهەمهێنان و هەناردەكردن لە كێڵگەكەوە، لە 24ـی حوزەیرانی ڕابردوو دەستی پێ كردووەتەوە و قەبارەی گشتیی بەرهەمهێنان بە سەركەوتوویی بەرز بووەتەوە بۆ زیاتر لە 43 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا.
كۆمپانیای گۆڵف كیستۆن بۆ بەرهەمهێنانی نەوت، كارەكانی كێڵگەی شێخان لە پارێزگای دهۆك لە مانگی ئاداری ڕابردوودا بەهۆی دەستپێكردنی ئۆپراسیۆنی سەربازیی ئەمەریكا و ئیسرائیل دژی ئێران، بەشێوەیەكی كاتی راگرت.