سبەی لەگەڵ دابەشكردنی مووچەی مانگی شەشدا، بەشێك كەمئەندامانی سەنگەر دوو مووچە وەردەگرن، بەشێكی تریشیان لەگەڵ مووچەی مانگی حەوتدا وەریدەگرن.
زیاتر لە 800 كەمئەندامی سەنگەر دوو مووچەیان لای حكوومەت ماوە، بەپێی گوتەی بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە، سبەی چوارشەم لەگەڵ دابەشكردنی مووشەی مانگی شەشدا بەشێكیان وەریدەگرن.
نەسرەدین حەمەدئەمین جێگری سكرتێری كۆمەڵەی پێشمەرگە كەمئەندامەكانی سەنگەر، بۆ "وشە" گوتی، مامەڵەی كەمئەندامانی سەنگەر تەواو بووە و چاوەڕێن ئەو مووچانەیان كە ماوە لە مانگی شەش و حەوتدا بدرێت.
هۆكاری سەرەكیی دواكەوتنی مووچەی ئەو پێشمەرگانە بەگوتەی جێگری سكرتێری كۆمەڵەكە ئەوەیە، نزیكەی نۆ هەزار كەس بوون لە یەكەكانی 70 و 80ی پێشمەرگە، دۆسیەكانیان خرایە سەر وەزارەتی دارایی و مامەڵەی بەشێكیان دواكەوت، بەڵام هیچ مووچەیەكیان نافەوتێت، ئەم مانگە و مانگی داهاتوو دەدرێت.