سەرچاوەیەك: عێراق و ئەمەریكا 18 رێككەوتن واژوو دەكەن

:: PM:10:37:14/07/2026 ‌

دوێنێ عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق بە هاوەڵی شاندێكی باڵا و فرەوانی حكوومەت و پەرلەمان و شارەزایان و بازرگان و وەبەرهێنەرانی عێراقی سەردانێكی فەرمی بۆ واشنتن دەست پێ كرد، ئەمڕۆ چاوی بە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا كەوت و دووپاتی كردەوە كە سەردانەكەیان بۆ راگەیاندنی هاوبەشییەكی ستراتیجییە لەگەڵ ئەمەریكا، سەرچاوەیەك دەڵێت، عێراق و ئەمەریكا 18 رێككەوتن واژوو دەكەن.

سەرچاوەیەكی ئاگەدار ئاماژە دەكات كە عێراق و ئەمەریكا زیاتر لە 18 رێككەوتن لە بوارە جۆراوجۆرەكان واژوو دەكەن، سەردانەكەی زەیدی بۆ واشنتن مێژووییە، چونكە یەكەم سەرۆك حكوومەتی عێراقە بەو گەرمییە پێشوازی لێ دەكرێت، چاوەڕوان دەكرێت لەو سەردانە زیاتر لە 18 رێككەوتن واژوو بكرێت، لەوانە سیاسی و ئابووری و پیشەسازی و وزە و نەوت و فێركردن و تەندروستی و وەبەرهێنان و پڕچەككردن، ئەو رێككەوتننانە هاوبەشیی عێراق و ئەمەریكا بەهێزتر دەكەن.

ئاماژەی كرد، عێراق چاوی لە دامەزراندنی سندووقێكی پەرەپێدانە لە بانكێكی ئەمەریكی نەك فیدراڵی، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكان، داهاتی نەوتی هەناردەكراو بۆ ئەمەریكا دەخرێتە ناو سندووقەكە بە بڕی 500 هەزار بەرمیلی رۆژانە، بەوەش بڕی ئەو پارەی دەخرێتە سندووقەكە دەگاتە ترلیۆنێك دۆلار و بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان و ژێرخان بەكار دەهێنرێت، لەپێشەوەیان پڕۆژەكانی وزەی كارەبا و هیتریش.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل