وەزیری نەوتی عێراق ڕای گەیاند، كۆمپانیا ئەمەریكیی و قەتەرییەكان بەهاوبەشی پڕۆژەی هێڵی بۆڕیی نەوت لە بەسرەوە بۆ پیشخاپوور جێبەجێ دەكەن، بەمەش عێراق دەبێتە رێڕەوێكی گرنگی هەناردەكردن.
باسم محەمەد خدر عەبادی وەزیری نەوتی عێراق، بۆ میدیای وڵاتەكەی گوتی، هەوڵ دەدەن هاوبەشیی ڕاستەقینە و گەورە لەگەڵ كۆمپانیاكانی دنیادا دروست بكەن، لەم بوارەش كۆمپانیا ئەمەریكییەكان چانسێكی گەورەیان پێ دراوە.
ئەوەشی گوت، سەردانیان بۆ واشنتن و كۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆكی ئەمەریكا، گفتوگۆیەكی ڕاشكاوانەیان كردووە.
ئاماژەی بەوەش كرد، پێش شەڕەكە ستراتیجیی فرەچەشنكردنی دەروازەكانمان هەبوو بۆ هەناردەكردنی نەوت، چونكە ناكرێت وڵاتێكی وەك عێراق كە خاوەنی ئەم هەموو یەدەگە گەورەیەی نەوت و غازەیە، تەنیا لەسەر یەك دەروازە بمێنێتەوە كە ئەویش گەرووی هورمزە.
باسی لەوەش كرد، كێشەی ئابووری و دارایی ڕێگر بوون لە دروستكردن و نۆژەنكردنەوەی هێڵە بۆڕییەكاندا.
باسی لەوەش كرد، هاوپەیمانێتییەك لە نێوان دوو كۆمپانیای ئەمەریكی كە بریتین لە (TI Capital) و (Chevron)، لەگەڵ كۆمپانیای (UCC)ـی قەتەریدا هەیە، هەروەها یەكێك لە كۆمپانیا تایبەتەكانی عێراق بەشدار دەبێت لە جێبەجێكردنی پڕۆژەی بۆڕی بۆ گواستنەوە نەوت لە بەسرەوە بۆ پیشخاپوور كە دواتر بە بەندەری جیهانەوە دەبەسترێتەوە، لەگەڵ لقێكی تر لە حەدیسەوە بۆ بانیاس.
وەزیری نەوت لە كۆتاییدا گوتی: ئەم پڕۆژەیە جگە لە گەرووی هورمز، دوو ڕێگەی تر بۆ هەناردەكردنی نەوتی عێراق دابین دەكات، ئەویش لە ڕێگەی بەندەری جیهان و بەندەری بانیاسەوە دەبێت.