بوونی حیساباتی دارایی سەبارەت بە خەرجكردنی ئەو بڕە پارەی لە بودجەی ساڵانە هاتووە پێوەرێكی دیودەرییە، بەتایبەتی لە عێراق كە گومانی گەندەڵی تەواوی بەرپرس و كەرتەكان و گرێبەستە حكوومەتی و كایەكانی دەوڵەتی گرتووەتەوە، ئەمڕۆ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق تەواوكردنی حیساباتی كۆتایی چوار ساڵی پێشتری عێراقی راگەیاند.
بەپێی
بەیاننامەیەكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، رێوشوێنەكانی پڕۆژەیاسای حیساباتی كۆتایی ساڵانی 2012 و 2013 و 2014 و 2015 كۆتایی هاتووە و بۆ سەرۆكایەتیی پەرلەمان رەوانە كراوە بۆ دانانی لەناو كارنامەی دانیشتنەكانی پەرلەمان، ئەو هەنگاوەش پەرەسەندنێكی گرنگە لە چوارچێوەی بەهێزكردنی چاودێریی دارایی و چەسپاندنی بنەماكانی دیودەری و پاراستنی سامانی گشتی.
لیژنەكە داوای لە ئەنجوومەنی وەزیران كرد بۆ پەلەكردن لە تەواوكردن و پەسندكردنی حیساباتی كۆتایی ساڵانی 2016 تا 2025 و رەوانەكردنیان بۆ پەرلەمان بۆ كۆتاهێنان بەو دواكەوتنەی هەیە و تەواوكردنی رێوشوێنەكانی چاودێری بەسەر خەرجییە گشتییەكان، دووپاتی لەوەش كردەوە كە تەواوكردنی حیساباتی كۆتایی مانای نەمان و چاوپۆشیكردن لە پێشێلكاری و كەمتەرخەمییەكان نییە كە لە راپۆرتی دیوانی چاودێریی داراییدا هاتووە و هەموو تێبینییەكان بەپێی یاسا مایەی بەدواداچوون و لێپرسینەوە دەمێننەوە.
شایەنی باسە لە كۆنگرەیەكی ئابووری بە ناونیشانی "عێراق لە دوای قۆناغی نەوت"، لە 5ی ئەم مانگە یووسف كیلابی ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رای گەیاند كە چەند جارێك پەرلەمانی عێراق هەوڵی پێشكەشكردنی پڕۆژەیاسای گرنگ و ئابووری داوە، بەڵام لە 2010 دادگای فیدراڵی بڕیارێكی دەركرد و رێگری لە پەرلەمان كرد پێشنیاز و پڕۆژەیاسای وا پێشكەش بكات كە رەهەندی دارایی هەبێت.
روونی كردەوە، بۆیە خولەكانی پێشووی پەرلەمان بەدەست بێتوانایی حكوومەت ناڵاندوویانە، دیارترین كێشە نەبوونی حیساباتی كۆتایی بۆ بودجەكان بوو، كە بەهۆیەوە پەرلەمان نەیتوانیوە پێویستی دارایی كەرتی ئابووری دیاری بكات، پەرلەمان یاسای بودجەی سێ ساڵی دەركرد و حكوومەتی پابەندی پێشكەشكردنی خشتە داراییەكان بەر لە كۆتاهاتنی هەر ساڵێك كرد، كەچی حكوومەت لە 2025 پێوەی پابەند نەبوو.