دوای پەرەسەندنەكانی دوایی نێوان ئێران و ئەمەریكا و دەست پێكردنەوەی هێرشە ئاسمانییەكانی هەردوولا، كێشە بۆ هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز دروست بووەوە، لە ئەگەری دووبارە داخرانی گەرووەكە بە رووی هاتوچۆی بازرگانی و نەوتی، نرخی نەوت لە بازاڕەكان بۆ سەرووی 85 دۆلار بۆ بەرمیلێك بەرز بووەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەم نرخی
خاوی برێنت 12% بەرز بووەوە و نرخی بەرمیلێكی گەیشتە سەرووی 85 دۆلار، ئەمە و لە دوای پەرەسەندنەكانی دوایی، سوپای پاسدارانی ئێران داخستنی گەرووی هورمزی بە رووی هاتوچۆی بازرگانی و نەوتی تا كاتێكی نادیار راگەیاند، ئەو بڕیارەشی بە دەستوەردانی ئەمەریكا لە ناوچەكە بەستەوە.
هاوكات لەگەڵ دەست پێكردنەوەی شەڕی ئاسمانیی ئێران و ئەمەریكا و دروستبوونی كێشە بۆ هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز، نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا رووی لە هەڵكشان كرد و ئێوارەی سێشەمی رابردوو نرخی بەرمیلێك سێ دۆلاری تر بەرز بووەوە، ئەوەش لە دوای شكستهێنانی ئاگربەست و هەڕەشەكانی سەرۆكی ئەمەریكا بەوەی گەمارۆی دەریایی دەخاتەوە سەر بەندەرەكانی ئێران.
ئێوارەی سێشەمی رابردوو نرخی بەرمیلێك خاوی برێنت، كە پێوەریی دنیایی نرخی نەوتە، گەیشتە 87 دۆلار، كە ئەوەش بەرزترین ئاستە لەوەتەی 12ی حوزەیرانی رابردووەوە، لەوكاتەی نرخی بەرمیلێك خاوی رۆژئاوای تەكساس، كە پێوەریی ئەمەریكییە بۆ نرخی نەوت، بە رێژەی 3.6% بەرز بووەوە و گەیشتە 81 دۆلار، ئەوە لەوكاتەی نرخی گرێبەستەكانی برێنت لە بەیانی ئەمڕۆ گەیشتە 84.98 دۆلار، نرخی رۆژئاوای تەكساسیش 79.79 دۆلار بوو.