زەیدی داوا لە كۆمپانیای شیڤرۆن دەكات كارەكانی لە عێراق فرەوانتر بكات

:: PM:09:19:16/07/2026 ‌

لە میانەی سەردانەكە بۆ ئەمەریكا كە هەفتەیەك دەخایەنێت، عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ سەرۆكی كۆمپانیای شیڤرۆنی ئەمەریكی كۆبووەوە و داوای لێ كردن كە كارەكانیان لە عێراق فرەوانتر و خێراتر بكەن، بە مەبەستی زیادكردنی بەرهەمهێنان و زیادكردنی توانای عێراق لە پاڵاوتنی نەوت و جۆراوجۆركردنی دەروازەكانی هەناردنی بۆ دەرەوە. 

بەپێی بەیاننامەیەكی نووسینگەی زەیدی، ئەمڕۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق لە بارەگەی كۆمپانیای شیڤرۆن كۆربۆرێشنی ئەمەریكی لەگەڵ مارك نیڵسۆن سەرۆكی كۆمپانیاكە و ئەنجوومەنەكەی بە ئامادەبوونی وەزیرانی نەوت و كارەبای عێراق و ژمارەیەك راوێژكارەكانی كۆبووەوە، زەیدی دووپاتی لە ئامادەیی حكوومەتەكەی بۆ رەخساندنی زەوینەیەكی لەبار و ئاسانكاری بۆ دامەزراندنی كۆمەڵگەی پاڵاوتنی نەوت و ژێرخانەكانی تری پیشەسازی كیمیایی و بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی غاز و گواستنەوەی تەكنۆلۆجیای پێشكەوتوو بۆ عێراق لەو بوارانە كردەوە.

زەیدی ئاماژەی كرد كە حكوومەتەكەی سوورە لەسەر بەهێزكردنی ژینگەی وەبەرهێنان بۆ كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان لە عێراق و بەشداریكردنیان لە فەراهەمكردنی هەلی كار و بەهێزكردنی ئابووریی عێراق و رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەكان، لای خۆیەوە نیڵسۆن ئاماژەی بۆ خواستی كۆمپانیاكەی بە وەبەرهێنان لە كێڵگەكانی باشووری عێراق و راكێشانی بۆری بەرەو بەندەرەكانی ناوچەكە و وێستگەكانی ئەمباری نەوت و چڕكردنەوەی كار بۆ زوو تەواوكردنی كارەكان كرد.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل