ئەمڕۆ هەینی 17ی تەمووزی 2026، بەهای دۆلار لە بازاڕەکاندا جێگیری بەخۆیەوە بینی، بەڵام بەرەو تۆمارکردنی دابەزینێکی هەفتانە دەچێت. پاش ئەوەی ڕاپۆرتی هەڵاوسانی ئەمەریکا لەم هەفتەیەدا بڵاو کرایەوە کە کەمتر بوو لە پێشبینییەکان، وای لە بازرگانان کرد پێشبینییەکانیان بۆ بەرزکردنەوەی ڕێژەی سوود لەلایەن بانکی ناوەندی ئەمەریکاوە کەم بکەنەوە، بەڵام زیادبوونی هێرشەکان لە ناو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاریگەری گەورەی لەسەر بازاڕەکان هەبووە.
ماوەی هەفتەیەکە ئێران و ئەمەریکا بۆردمانی یەکتری دەکەن، ئەوەش بووەتە هۆی تێکدانی ئەو ئاگربەستەی کە مانگی ڕابردوو ڕێککەوتنی لەسەر کرابوو. ئەم دۆخە خواستی لەسەر دۆلار وەک پەناگەیەکی ئارام زیاد کردووە و نرخی نەوتیشی بەرز کردووەتەوە بۆ نزیکترین ئاستی لە ماوەی یەک مانگدا.
لە بازاڕەکانی دراودا، بەهای یۆرۆ گەیشتە 1.1445 دۆلار، کە بەرەو تۆمارکردنی بەرزبوونەوەی لە سەدا 0.29 دەچێت لەم هەفتەیەدا. هەروەها پاوەندی بەریتانی گەیشتە 1.3476 دۆلار، و بەرەو بەدەستهێنانی قازانجی لە سەدا 0.56 دەچێت، ئەمەش سێیەم هەفتەی لەسەریەکە کە قازانج تۆمار دەکات بەهۆی کەمبوونەوەی مەترسییەکان لەسەر ئابووری بەریتانیا.
یەنی ژاپۆنی گەیشتە 162.39 بەرانبەر بە دۆلار، و جێگیرە لە نزیک نزمترین ئاستی خۆی لە ماوەی 40 ساڵدا کە 162.84 بوو و لە سەرەتای ئەم مانگەدا تۆماری کردبوو، لە کاتێکدا وەبەرهێنەران چاوەڕێی هەر دەستتێوەردانێکی فەرمی تۆکیۆ دەکەن. هاوکات پێوانەی دۆلار کە ئاستی دراوە ئەمەریکییەکە بەرانبەر بە شەش دراو دەپێوێت، گەیشتە 100.72، کە بەرەو دابەزینی لە سەدا 0.24 دەچێت لەم هەفتەیەدا، ئەمەش دوای ئەوەی پێشتر نزمترین ئاستی لە ماوەی یەک مانگدا تۆمار کرد.
دۆلاری ئەمەریکا تەنیا دراوی پەناگەی ئارامە کە زۆرترین قازانجی هەیە لە ناو دراوی 10 وڵاتە گەورەکەی جیهاندا. هاوکات ئامارەکانی ڕۆژی پێنجشەم ئەوەیان خستە ڕوو کە فرۆشی تاکەکەس لە ئەمەریکا لە مانگی حوزەیران کەمێک بەرز بووەتەوە، بەڵام خەرجییەکان لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە زۆر زیادیان کردووە، ئەمەش وای لە شارەزایانی ئابووری کردووە پێشبینییەکانیان بۆ گەشەی ئابووری لە چارەکی دووەمی ساڵەکە بەرز بکەنەوە.
ئامارێکی تر سەقامگیری بازاڕی کاری خستە ڕوو کە ئاماژەیە بۆ بەهێزی ئابوورییەکە. شارەزایان پێشبینی دەکەن کە بانکی ناوەندی ئەمەریکا لە کۆتایی ئەم مانگەدا ڕێژەی سوود وەکوو خۆی بهێڵێتەوە، پاش ئەوەی هەڵاوسان کەم بووەتەوە. بەڵام جێگری سەرۆکی بانکی ناوەندی ئەمەریکا ئەوە دووپات دەكاتەوە کە کراوە دەبن بۆ بەرزکردنەوەی ڕێژەی سوود ئەگەر هەڵاوسان لە ماوەی نزیکدا باشتر نەبێت.