سەرۆك وەزیرانی عێراق پەیامێكی بڵاو كردەوە و رای گەیاند، پێشوازیی لەو لێكتێگەیشتنە دەكەین كە بانكی ناوەندی عێراق و وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا پێی گەیشتوون.
ئەمڕۆ شەموو 18ـی تەمووز، عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە ئێكس لە پەیامێكیدا رای گەیاند، پێشوازیی لەو لێكتێگەیشتنە دەكەین كە بانكی ناوەندی عێراق و وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا پێی گەیشتوون، نوێنەرایەتیی هەنگاوێكی گرنگ دەكات لە ڕێچكەی چاكسازیی بانكی و پتەوكردنی یەكگرتنی لەگەڵ سیستمی دارایی جیهانیدا.
دەشڵێت، ئامادەكردنی حەوت بانكی عێراقی بۆ گەڕانەوە بۆ كەناڵەكانی پێوەندی بانكی دەرەكی بە دراوەكانی تر، وەك هەنگاوێك دێت بۆ ئەوەی دوای تەواوكردنی پێداویستییەكانی پابەندبوون و بەڕێوەبردنی دروست، شایستەیی خۆیان بۆ مامەڵەكردن بە دۆلاری ئەمەریكی وەربگرنەوە، كە سەركەوتنی ڕێبازی چاكسازی دارایی حكوومەت دووپات دەكاتەوە و متمانە بە كەرتی بانكی عێراق بەهێز دەكات، ئاسۆی فراوانتر بە ڕووی ئابووری نیشتمانی و وەبەرهێناندا دەكاتەوە.
روونی كردەوە، بەردەوام دەبین لە پاڵپشتیكردنی چاكسازییە دارایی و بانكییەكان و چەسپاندنی بنەماكانی شەفافییەت و بەڕێوەبردنی دروست، بەشێوەیەك كە خزمەت بە بەرژەوەندییەكانی عێراق بكات و پێگە ئابوورییەكەی لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بەهێز بكات.