ماوەی چەند ڕۆژێكە نرخی بەنزین روو لە بەرزبوونەوە دەكات، تەنیا ئەمڕۆ لیترێك بەنزینی نۆرماڵ لە سلێمانی زیاتر لە 100 دیناری هاتووەتە سەر، لە هەولێریش تەنگژەكە هەیە، بەڵام ئەوەی لە سلێمانی جیای دەكاتەوە ئەوەیە كە ئەو بەنزینخانانەی بەنزین بە نرخی پاڵپشتی كراوی 750 دیناری دابەش دەكەن زیاتر كراون.
لە سلێمانی نرخی لیتری بەنزینی نۆرماڵ گەیشتە هەزار و 250 دینار، لە هەولێریش بە هەمان نرخ دەفرۆشرێت، بەڵام ئەوەی شۆفێرانی لە سلێمانی نیگەران كردووە ئەوەیە، تەنیا لە چەند بەنزینخانەیەكدا بەنزینی پاڵپشتیكراوی 750 دیناری دابەش دەكرێت، لە كاتێكدا ئەمڕۆ ژمارەی بەنزینخانەكان لە هەولێر گەیشتە 20 بەنزینخانە كە بەنزینی حكوومی دەفرۆشن.
موحسین سەید عەلی خاوەنی بەنزینخانەیەكە لە هەولێر، بۆ "وشە" گوتی، رۆژانە بەنزینی 750 دیناریان بە دەست دەگات، بەڵام بەهۆی زۆری خواست لەسەری، نۆرەیەكی دوور و درێژ دەگیرێت.
ڕوونیشی كردەوە كە بە بڕیاری وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، تەنیا 50 لیتر بەنزین دەدرێت بە شۆفێران، ئەوەیش لە پێناو ئەوەی كە بەنزینی 750 دیناری بدرێتە زۆرترین بەنزینخانە.
ئەو جیاوازییە كە بەهۆی دەسەڵاتدارانی سلێمانییەوە دروست كراوە و رێگە نادەن بەنزین بگاتە شارەكە، كە خەڵكی سلێمانی قوربانی یەكەمن و تەنگژەكەیش لەوێ فراوانتر بووە.