ئەم هەفتەیە لیستی مووچەی مانگی حەوت رەوانەی بەغدا دەكرێت، هەوڵەكان چڕ كراونەتەوە تا چەند رۆژی داهاتوو مووچەی فەرمانبەرانی گرێبەست دابەش بكرێت.
سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە "وشە"ی راگەیاند، ئەم هەفتەیە لیستی مووچەی مانگی تەمووز "مانگی حەوت"ی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و تەرازووی پێداچوونەوە، رەوانەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ دەكرێت.
گوتیشی: لەگەڵ بەغدا لەسەر هێڵن، بۆ ئەوەی بتوانن رێكارەكانی وردبینی لە لیستی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوە بە خێرایی تەواو بكەن، لەگەڵ دەستپێكردنی پێدانی مووچە لە عێراق، راستەوخۆ مووچەی هەرێمی كوردستانیش رەوانە بكرێت.
گوتیشی، هەوڵەكان چڕ كراونەتەوە چیتر مووچە دوا نەكەوێت، تەنیا مەگەر بەغدا بە بیانووی نەبوونی پارەی نەختینە جارێكی تر مووچە دوا بخاتەوە.
سەرچاوەكەی وەزارەتی دارایی ئاشكرای كرد، هەموو هەوڵەكان چڕ كراونەتەوە بۆ ئەوەی داهات كۆ بكرێتەوە و لە ئایندەیەكی نزیكدا مووچەی فەرمانبەرانی گرێبەست دابەش بكەن.
راشی گەیاند، هەوڵەكانی وەزارەتی دارایی تەواو چڕ كراونەتەوە بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی گرێبەست زیاتر دوا نەكەوێت، ئەگەری هەیە هەفتەی داهاتوو مووچەی ئەو فەرمانبەرانەی لەسەر داهاتی ناوخۆن دابەش بكرێت.
دوو مانگە بەغدا بەهۆی لێبڕینی داهاتی ناوخۆ، كێشە بۆ بەشێك لە مووچەخۆرانی كوردستان بەتایبەت مامۆستایانی گرێبەست دروست دەكات، ئەمەش وایكرد ئەم دوو مانگە مووچەكانیان ماوەیەكی زۆر دوای مووچەخۆرانی تر وەربگرن.