وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری دا لێپێچینەوە لەگەڵ هەر بەنزینخانەیەك بكات كە نرخی لیترێك بەنزینی نۆرماڵی بازرگانی بە سەرووی 850 دینار بفرۆشێت.
ئەمڕۆ دووشەم 20ی تەمووز وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان فەرمانی وەزاری لەسەر نرخی بەنزین دەركرد لە بڕگەی یەكەمی فەرمانەكە هاتووە، "بەنزینی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بە كوالێتی نۆرماڵ دابەش دەكرێت بەسەر هاووڵاتیان و نرخی فرۆشتن بریتیە لە 750 دینار بۆ هەر لیترێك بە هەمان رێكاريی بەردەوام دەبێت و هەوڵ دەدرێت رێژەیەكی زۆرتر بخرێتە بازاڕەوە".
لە بڕگەی دووەمی بڕیارەكەیش هاتووە، "نرخی بەنزینی كوالێتی نۆرماڵی بازرگانی لە بەنزینخانەكان نابێت لە 850 دینار زیاتر بێت بۆ هەر لیترێك، بە پێچەوانەوە بەنزینخانەكە دووچاری لێپێچینەوە دەبێت".
دوای دەرچوونی ئەو بڕیاری وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر راسپاردەیەكی دەركردووە بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكان و هەروەها لیژنەیەكی پێكهێنا بۆ ئەوەی بەدواداچوون بۆ نرخی سووتەمەنی بكرێت و رێگە نەدرێت قورخكاری بكرێت.